وێنە..دوای پێنج ساڵ بەرپرسی یەكەمی تەقینەوەیەكی خوێناوی بەغدا لە دەرەوەی وڵات دەستگیركرا
  2021-10-18       1567       

پاش پێنج ساڵ لە تەقینەوە خوێناوییەكەی كەڕادەی بەغدا، ئەمڕۆ دوشەممە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، رایگەیاند، بەرپرسی یەكەمی ئەو تەقینەوەیەیان لەدەرەوەی وڵات و لەپڕۆسەیەكی ئاڵۆزی هەواڵگرییدا دەستگیركردوە.

ئاوێنە: مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە تویتێكدا رایگەیاند"پاش تێپەڕبونی پێنج ساڵ بەسەر تاوانی تەقینەوەكەی كەڕادە كە ژانی خستە دڵی عێراقییەكان، هێزە ئەمنییە قارەمانەكانمان پاش بەدواداچونێكی ئاڵۆزی هەواڵگری لە دەرەوە، تیرۆریست غەزوان زەوبەعی (ئەبو عوبەیدەی بەغدا)یان دەستگیر كرد."

مستەفا كازمی وتوشیەتی"ناوبراو بەرپرسی یەكەمە لەم تاوانەو هەندێك تاوانی تر."

تەقینەوە خوێناوییەكەی كەڕادە، رۆژی 3ی تەمموزی 2016 لەلایەن رێكخراوی داعشەوە ئەنجامدرا، كە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق تێیدا 324 كەس كوژران.

لەلای خۆشییەوە، لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردوە كە ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنی ئەو داواكراوە بەسەرپەرشتی مستەفا كازمی بەڕێوەچوەو لەلایەن هێزەكانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانییەوە لە یەكێك لە وڵاتان ئەنجامدراوە بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتەكە ئاشكرابكات.

بەپێی بەیاننامەكەی لیوا یەحیا، جگە لە تەقینەوەكەی كەڕادە، زەوبەعی سەرپەرشتی ئەنجامدانی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لە عێراق كردوە.

 

 

 

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×