كەركوك؛ كوردو عەرەب لە دەنگ یەكسان و لە كورسیدا جیاوازن
  2021-10-21       2770       
كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2021/ بانگەشەی ژمارەیەك كاندیدی نەتەوە جیاوازەكان. فۆتۆ: كەركوك ناو
ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو:

كوردو عەرەب لە پارێزگای كەركوك بەپێی دەنگە بەدەستهاتوەكانیان لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەریەكە و بە 172 هەزار دەنگ یەكسانن، بەڵام كورد شەش كورسی و عەرەب چوار كورسی پارێزگاكەی بەدەستهێناوە.

گرفتی بەردەم كاندیدە كوردەكان ئەوەبو بایكۆت لە ناوچە كوردییەكان زیاتر بوە و رێژەی بەشداریكردن لەسەدا 36 بوە، لەكاتێكدا لە ناوچە عەرەبنشینەكان گەیشتۆتە لەسەدا 44.

بەڵام لەگەڵئەوەشدا عەرەب نەیتوانی بەباشی سود لەو بایكۆتەی كورد ببینێت، بەهۆی پەرتەوازەیی دەنگ و كاندیدەكانی. بۆ نمونە لەگەڵئەوەی 57 هەزار دەنگی لە بازنەی دو-دا بەدەستهێنا، بەڵام هیچ كورسییەكی پەرلەمانی لەو بازنەیە نەبرد.

شەممە 16ی تشرینی یەكەم، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، ئەنجامی كۆتایی بەرایی هەڵبژاردنەكانی راگەیاند و لە پارێزگای كەركوك، كورد شەش كورسی، عەرەب چوار كورسی و توركمان دو كورسی بەدەستهێنا.

جیاوازی كورسییەكانی كورد و عەرەب لە كاتێكدایە دەنگەكانیان جیاوازییەكی زۆر كەمی هەیە كە ناگاتە 100 دەنگ، كورد 172 هەزار و 795 دەنگی هەیە، لە بەرامبەردا عەرەب 172 هەزار و 769 دەنگ، ئەمەش بەپێی داتای كۆتایی كۆمسیۆن لە بارەی پارێزگای كەركوك كە لە ماڵپەڕی رەسمیدا بڵاویكردۆتەوە.

هەرچی توركمانە بە بەدەستهێنانی 65 هەزار و 89 دەنگ دو كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد.

لە كۆكردنەوەی ئەو داتایانەدا پشت بە ژمارەی دەنگی كاندیدەكان بەستراوە كە سەر بە چ نەتەوەیەكن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی خۆیان لەسەر لیستێك كاندید كردوە.

بازنەی یەك... رێژەی بایكۆت زۆر بو

لە بازنەی یەك، كە زۆرینەی هەرە زۆری دەنگدەرەكانی كوردن و پێنج كورسی پەرلەمانی هەبو، 461 هەزار و 328 كەس مافی دەنگدانیان هەبو.

لەو ژمارەیە تەنیا 168 هەزار و 997 كەس دەنگیاندا، كە دەكاتە لەسەدا 36.6 دەنگدەران.
كاندیدەكانی كورد لە حزبیی و سەربەخۆكان، 143 هەزار و 208 دەنگیان هێنا و چوار كورسی ئەو بازنەیەیان بردەوە. هەرچی كاندیدەكانی عەرەب بو بە 18 هەزار و 583 دەنگ توانیان كورسیی پێنجەم بەدەستبهێنن.

بەڵام توركمان تەنیا شەش هەزار و 668 دەنگی بەدەستهێنا و نەیتوانی هیچ كورسییەك بباتەوە.

بازنەی دوەم... دەنگی پەرتەوازەی عەرەب

لە بازنەی دوی پارێزگای كەركوك، كە دەنگدەرەكانی تێكەڵەیەكن لە عەرەب، كورد و توركمان و چوار كورسی پەرلەمانی بۆ دانرابو، كورد و توركمان هەریەكە و بە دو كورسی براوەی ئەو بازنەیە بون.

لەو بازنەیە 398 هەزار و 170 كەس مافی بەشداربونیان هەبو، بەڵام تەنیا 145 هەزار و 189 كەس دەنگیاندا. كە دەكاتە لەسەدا 36.4.

كاندیدەكانی توركمان دەنگی یەكەمی ئەو بازنەیەیان برد (58 هەزار و 145 دەنگ) بەڵام بەهۆی پەرتەوازەییانەوە تەنیا توانیان دو كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكەن.

هەرچی كوردە لەو بازنەیە بە 29 هەزار و 574 دەنگ، توانی دو كورسی بباتەوە و وەك براوەی یەكەمی ئەو بازنەیە دەربكەوێت. كاندیدەكانی عەرەب لەم بازنەیە بە 57 هەزار و 312 دەنگ نەیانتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، ئەوەش بەهۆی پەرشوبڵاویی و زۆری كاندیدەكانیان كە بەسەر حیزب و هاوپەیمانێتی جیاواز و كاندیدی سەربەخۆدا دابەشبون.

بازنەی سێیەم... عەرەب بێ ركابەر بو

بازنەی سێ كە زۆرینەی رەهای دەنگدەرەكانی عەرەبن، كاندیدەكانی عەرەب هەرسێ كورسییەكەیان بۆ خۆیان ییكلاییكردەوە.

لەو بازنەیە، 217 هەزار و 430 كەس مافی دەنگدانیان هەبو و 96 هەزار و 996 كەس دەنگیاندا، بە رێژەی لەسەدا 44.6.

كاندیدەكانی عەرەب 96 هەزار و 874 دەنگیان هێنا و هەرسێ كورسییەكەیان مسۆگەر كرد.

توركمان لەو بازنەیە 109 دەنگ و كوردیش تەنیا 13 دەنگی بەدەستهێنا.

ئەنجام:

كورد وەك براوەی یەكەمی پارێزگاكە دەبینرێت لە ژمارەی كورسیدا بەشەش كورسی، بەڵام لە دەنگی بەدەستهاتودا بە جیاوازییەكی زۆر كەم لە پێش عەرەبەوەیە.

لە ناوچە كوردییەكان و ناوچە تێكەڵەكان رێژەی بایكۆت زۆر بوەو تەنیا لەسەدا 36 دەنگدەران بەشداربون، بەراورد بە ناوچە عەرەبنیشنەكان كە رێژەی بەشداریی لەسەدا 44 بو.
لە بازنەی دو، كاندیدەكانی توركمان و عەرەب هەریەكە و نزیكەی دو هێندەی كاندیدەكانی كورد دەنگیان هێنا، بەڵام كورد نیوەی كورسییەكانی بازنەكەی بۆ خۆی بردوە و نیوەكەی تریش بۆ توركمان بو.

تێبینی:
یەكەم/ لە ئامارانەدا هەندێك كاندید كە (كەركوك ناو) دڵنیانەبو سەر بە چ نەتەوەیەكن دەنگەكانیان هەژمارنەكراوە، بەڵام كەمتر لە هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە و كاریگەری ئەوتۆی لەسەر كۆی رێژەی دەنگی نەتەوەكان نییە.

دوەم/ هەندێك كاندید كە لە حزب و هاوپەیمانی دەرەوەی نەتەوەكەی خۆیدا بەشداری كردوە، (كەركوك ناو) لە كۆكردنەوەی ئەم داتایانەدا دەنگەكانی بۆ نەتەوەكەی خۆی هەژماركردوە نەك لیست و هاوپەیمانێتییەكەی. بۆ نمونە چەند كاندیدێكی توركمان لە هاوپەیمانی تردا كاندید بون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×