2021-10-22   2537     
ئا: ئاوێنە
ئانۆ عەبدۆكا، كە گەنجترین وەزیری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەو وەك نوێنەری پێكهاتەی كلدانی سریانی ئاشوری بەشداری كابینەكەی پێكراوە، تاکە وەزری مەسیحییەکانە لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانو ئەندامێكی چالاكی ناو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە.
ئانۆ جەوهەر عەبدۆكا، كە سێ ساڵ لەمەوبەر لەپەرلەمانی كوردستاندا سوێندی بەو ئینجیلە دەستنوسو كۆنە خوارد لەگەڵ خۆی هێنابوی بۆ پەرلەمانو وەك وەزیری گواستنەوەو گەیاندن لەكابینەی نۆیەمدا متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانی وەرگرت، هەرچەندە لەلای خەڵكی كوردستان ناسراو نییە، بەڵام كەسایەتییەكی ناسراوی ناو مەسیحییەكانی كوردستانەو دانیشتوی عەینکاوەیە.
خێزانو بنەماڵەی عەبدۆكا خێزانێكی كلدانی ناوداری ناو مەسیحییەكانن، كە بەسەر کوردستانو وڵاتانی سویدو ئوستورالیاو ئەمەریكاش دابەش بون.
ئانۆ، سەرباری شانازی كردنی بەمەسیحی بونیەوە، كە كەسێكی كراوەیە بەڕوی موسڵمان وئێزیدیو شەبەكو كاكەییو بەڕوی كوردو توركوماندا، ئەندامێكی چالاكی ناو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە.
ئەم گەنجە مەسیحییە كە شاعیرەو دیوانێكی شیعریی بەزمانی عەرەبی بلاوكردوەتەوە، سەرسامە بەدو كەسایەتی ناوداری مەسیحی ناو پارتی كە "فەرەنسۆ حەریریو سەركیس ئاغاجان"ە.
ئانۆ جەوهەر پێنج ساڵ لەمەوبەر، شێلگیرانە پشتگیریی لەپرۆسەی ریفراندۆم گرتو ستایشی بارزانی كرد، لەوتارێكیدا نوسی "وەك مەسیحییەك نامەوێ بەشێك بم لەم عێراقە.. كە یەكەمین كاری نەگریسی دەوڵەتی عێراق دوای دەرچوونی لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا، جینۆسایدیكردنی ئاشورییەكان بو تەنیا لەبەرئەوەی ئاشوورییەكان داوای مافی ژیانێكی ئازادو ئۆتۆنۆمییان لە وڵاتی خۆیان و زێدی باوک و باپیرانیان دەكرد... لەسێمێل نزیكەی پێنج هەزار مەسیحی بوونە قوربانی و زیاتر لە 67 گوندی مەسیحینشین بە دەستی پیسی سوپای دەوڵەتی عیراق لەژێر سەركردایەتی و سەرپەرشتی ئەمیر غازی، رەشید عالی گەیلانی و بەكر سدقی خاپورکران. وەك مەسیحییەكی كلدانی، سریانی و ئاشووری نامەوێ بەشێك بم لە عێراقێكی بنیاتنراو لەسەر بنەمای كوشتن و جینۆسایدی باوک و باپیرانم".
ئانۆ، ماستەری لەسیاسەتو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان هەیەو ئێستاش قوتابی دكتۆرایە لەزانكۆی كوردستان لەهەولێر، سكرتێری گشتی رەوتی "شالاما"یە بۆ كاروباری مەسیحییەكانو سەرۆكی هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیشە كە گەورەترین كوتلەی مەسیحی پێكدەهێنێت لەپەرلەمانی كوردستانو لەكۆی 5 كورسی مەسیحیەكان، 3 ئەندام پەرلەمانیان هەیە.
ئانۆ، پارتییەكی چالاك بوە لەناو مەسیحییەكانی عەینكاوەدا، بەشێك لەمەسیحییەكان ناڕازیین لەوەی ئەوە ئەوان نین كە رۆڵی سەرەكی لەپرۆسەی هەڵبژاردنی وەزیری مەسیحی لەناو كابینەكانی حكومەتی هەرێمدا دەبینن، بەڵكو ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لەساڵی 1992ەوە رۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینێ لەو پرۆسەیەدا، لەبەرئەوە پێیانوایە وەزیرە مەسیحییەكانی كابینەكانی حكومەتی هەرێم نوێنەری پارتیین لەناو حكومەتی هەرێمدا، نەك نوێنەری مەسیحییەكان.