گوھدار زێباری، یه‌كێك له‌چالاكوانه‌ سزادراوه‌كانی‌ بادینان په‌یامێك له‌زیندانه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌
  2021-10-22       860       
وێنه‌ی‌ گوھدار زێباری پێش زیندانیكردنی‌

دوای ساڵێك لەبێدەنگیی

سڵاوێکێ بوێرانە لەزیندانێکی قۆڵ و دابراو بۆ میللەتێکی ستەملێکراو لەدەست دەستھەڵاتێکی نەبان و زاڵم

لێرە جوانترین شت قەدەغەیە ئەویش قەڵەمە، بۆیە ناچارم بەپارچە زنجیرێك ئەم پەیامە بنوسم، وە ناشزانم دەگاتە دەستی ئێوە یان نا.

یان ئەگەر بگاتە دەستی ئێوەش دوای بڵاو بونەوەی دڵنیانیم لەسەلامەتی ژیانی خۆم، بەڵام بەلای عاشقەوە گرنگ نیە ئەوەی دێتە رێگای بۆ گەیشتن بەمەعشوقەکەی، چونکە ئێمە پاشماوەی خوێنی قەڵەمین، بۆیە دەبێت دێرە تەواو نەکراوەکان تەواو بکەین و گوتارە بچراوەکانیش بەردەوامیی پێبدەین.

رەنگە زۆر لەئێوە بە پەروش بن بۆ ئەوەی بزانن ئێمە بۆ لێرەین، ئێمە لێرەین چونکە پەنجەمان بۆ سەرەداوەکانی گەندەڵی درێژکردووەو چاومان خستوەتە سەر گردەکانی ئەم وڵاتە کە بەلای ئەوانەوە عەورەتەو نەزەری حەرامە، بەڵام بەلای ئێمەوە حەق و مافە، قسەمان لەسەر کومەڵێك کەس کردووە کە بەلای ئێمەوە مروڤن و قابیلی رەخنەن، بەڵام بەلای ئەوانەوە پیرۆزو قدوسن، لەرێزی خوادوەندەکانن، بۆیە دەبێت قسە بکەین ھەتا ھەموو شتێك دەچێتەوە قەبارەی خۆی و ئەم ووڵاتە لەدوخی ئاسایی و سروشتی خۆیدا تێپەر ببێت.

زۆر داخ لەدڵن بەئێمە، بۆیە ٦ساڵ سزای ئێمەیان داوە دیاریش نیە ئاخۆ ئەم سزایە داخی دڵیان دادەمرکێنێت یان تێنوی سزای زیاترن، چونکە دارەکە خراپ لەسەریان شکایەوە ھەر دەستگیرکردنی ئێمە خۆی بەخۆی سەرکەوتنی ئێمە بوو، چونکە ئەوان مانگانە ملیۆنان دۆلار لەمیدیاو سوشیال میدیا خەرج دەکەن و ھه‌زارەھا موچەخۆر بەناو نوسەرو روژنامەنوس و فڵان و فیسار ھەن کەچی قودرەتی ئەوەیان نەبوو بەگوتار بەقەڵەم و گفتوگۆو مێزگرد وەڵامی مە بدەنەوە، چونکە دەزانن حەقیقەت لای ئێمەیەو ئەوان بەرامبەرمان دۆڕاون، بۆیە بەتۆمەت و قسەی ناڕاست دەیانەوێ حەقیقەت بگۆرن، بەڵام با دڵنیابن ناتوانن حەقیقەت بگۆرن‌و راستی بەرێگای خۆی دەروات.

خاڵێکی تری دۆڕانی ئەوان ئەوە بوو دەیانویست بادینان بترسێنن و ملکەچی خۆیان بکەن، بەڵام بادینان ئەم جارە گرێی نێوان سوران و بادینان کردەوەو بەستەڵەکی نێوان سلێمانی و دھۆك شکاند، بۆ بەسیمبۆڵی ئازادی و قوربانی وگوتاری ئەوانیان ڕەتکردەوەو ھەنگاوی نا بەرەو دۆزینەوەی خۆی ئیتر من خاوەن بریاری خۆمم.

خاڵێكی تر کەمەبەستیان بو بەڵام دووبارە شکستیانھێنا ناشرینکردن و شکاندنی قەڵەمە بوێرەکانی بادینان بو، بەڵام بەم کارەی ئەوان ھەڤاڵانی ئێمە نەک تەنێ لەبادینان، بەڵکو لەسەرانسەری جیھان وەکو سەمبولی ماف و ئازادی بۆ نەتەوەیەك ناسێنران.

لەکوتاییدا بەرامبەر بەھەڵوێستی ھەر کەسێك لەھەر شوێنێك لەھەر پلەو پۆستێك لەھەر نەتەوەیەك بۆ پشتیوانی ئێمە خۆمان دەچەمێنینەوەو ڕێزی لێ دەگرین زۆر سوپاس.

گوھدار زێباری لەزیندانەوە..

تێبینی: گوھدار زێباری، یه‌كێكه‌ له‌و پێنج ڕۆژنامه‌نوس‌و چالاكوانانه‌ی‌ بادینان كه‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ هه‌ولێره‌وه‌ سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×