وردەکاریی دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی‌ پۆلیسی دارستانی گەرمیان لەسەر پۆستێکی فەیسبوک
  2021-10-22       962       
دوای ئەوەی لەپۆستێكیدا له‌تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك داوای گۆڕانكاریی له‌پۆسته‌كانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی‌ كردبو، مقدم (ئەرکان رەحمان) ئەفسەر لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان لەناو فەرمانگەكەی خۆی دەستبەسەر كرا. راگەیاندنی ئیدارەی گەرمیان-یش ده‌ڵێت، ئێوارە‌ی ئە‌مڕۆ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ئازادکراوه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ لەپۆسته‌كه‌یدا داواكارییه‌ك ئاراسته‌ی‌ جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم ده‌كات‌و  نوسیویه‌تی‌، "گۆڕینی بەرپرسانی حکومەت‌و گۆڕینی نوسینگەی تایبەتیت‌و ڕاوێژکاران‌و ئەوانەی نوێنەرایەتیت دەکەن کە بەڕێزتان بڕیارتان لەسەری داوە دڵنیام پێشوازیەکی گەرمی لێدەکرێت لەلایەن جەماوەرەوە بەتایبەت گۆڕینی بەڕێز خودی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیش لەبیر مەکەن جا لێرەشەوە پێشنیارێکی ترم هەیە گەر گۆڕانکاریەکە خودی بەڕێزتانیش بگرێتەوە دڵنیام پێشوازی گەرمتری لێدەکرێت خۆ ناکرێت تاکو قەرەی قیامەت بەجێگری بمێنیتەوە بەپێێ ڕێکەوتن دەکرێت سەرۆکی هەرێم یاخود هەر بەرپرسیاریەتیەک کە شایەنی ئێوە بێت لەداهاتو وەریبگرن."

هەر پاش بڵاوبونەوەی ئەو پۆستەی، مقدم (ئەرکان رەحمان) لەناو فەرمانگەكەی خۆی رادەگیرێت‌و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا ده‌كرێت.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر راگەیاندنی ئیدارەی گەرمیان رونکردنەوەیەکی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و ڕایگه‌یاندووه‌، "سەبارەت بەراگرتنی مقدەم (ئەرکان رەحمان) ئەفسەر لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، كە‌ لەبەرواری ( ٢٠-١٠-٢٠٢١ ) لەسەر بابە‌تێكی نووسین لە‌لایە‌ن بەرێوەبەری پۆلیسی دارستانی گەرمیان راگیرابوو. ئێوارە‌ی ئە‌مڕۆ ٢٢-١٠-٢٠٢١ بە فەرمانی بە‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ناوبراو ئازادکرا."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×