وەزارەتی پەروەردە لەبارەی لابردنی چەند بابەتێك لە پڕۆگرامی خوێندنی پەروەردەی ئیسلامی رایگەیاند، پڕۆژگرامەكانی خوێندنی پەروەردەی ئیسلامی جێگای بایەختی وەزارەتەمانەو ئەو بابەتانەی باسی لابردنیان كراوە، لە پڕۆگرامەكاندا بونیان هەیە.
ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە ڕێکەوتی ( ٢٤/ ١٠/ ٢٠٢١ ) به‌ڕێز ( هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی ) پەرلەمانتاری کوردستان له گۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسیدا ئاماژه به‌وه دەکات كه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده چه‌ند بابه‌تێكی وه‌ك (بنچینه‌كانی باوه‌ڕ، هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (دخ)، ڕۆژی دوایی، دادپه‌روه‌ری، حوكم له ئیسلام، و سوێند خواردن)یان لابردوه له پڕۆگرامەکانی خوێندنی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی بۆ ئەمەش تەنها کتێبی پۆلی نۆی بنەڕەتی بەنمونە دەهێنێتەوە."
وەزارەتی پەروەردە جەختی كردۆتەوە كە "پڕۆگرامه‌كانی خوێندنی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی جێگای بایه‌خی وه‌زاره‌تمانه و ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌ڕێز مامۆستا هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی باسیان ده‌كات له پڕۆگرامه‌كانی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی بونیان هه‌یه، چونكه به‌ڕێزیان لێیان ورد نه‌بۆته‌وه و مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی هه‌یه، بۆیه به‌م شێویه باسی كردوه."
لە رونكردنەوەكەدا هاتوە"ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە داواکارین لەم بابەتانە یاری به هه‌ست و سۆزی موسڵمانان نه‌كرێت به بێ بنه‌ما."
دەقی رونكردنەوەكە...
رونکردنەوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە- بەرێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرامەکان و چاپەمەنییەکان
بابەت / وەڵامی پەرلەمانتار بەڕێز "هەورامان گەچێنەیی"
لە ڕێکەوتی ( ٢٤/ ١٠/ ٢٠٢١ ) به‌ڕێز ( هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی ) پەرلەمانتاری کوردستان له گۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسیدا ئاماژه به‌وه دەکات كه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده چه‌ند بابه‌تێكی وه‌ك (بنچینه‌كانی باوه‌ڕ، هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (دخ)، ڕۆژی دوایی، دادپه‌روه‌ری، حوكم له ئیسلام، و سوێند خواردن)یان لابردوه له پڕۆگرامەکانی خوێندنی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی بۆ ئەمەش تەنها کتێبی پۆلی نۆی بنەڕەتی بەنمونە دەهێنێتەوە، ئێمە لێرەدا به چه‌ند خاڵێك وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه.
یه‌كه‌م: بەڕێز پەرلەمانتار هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی له په‌رله‌مانی كوردستان باشتر وابو كه ڕێگا و ڕێكاره‌كانی كاری په‌رله‌مانتاری بگرتایه‌ته به‌ر لەوەی بکەوتایەتە هەڵەوە ،کە بریتیین لە:
-ناردنی نوسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
-بانگێشتكردنی نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بۆ پەرلەمانی کوردستان / لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە مەبەستی پرسیار و وەڵام و ڕونکردنەوەی پێویست.
- ئەندامانی لیژنەی پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانتاری دەتوانن سەردانی وەزارەتی پەروەردە/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرام و چاپەمەنییەکان بکەن بە مەبەستی بەدواداچون و ئەرکی چاودێری.
به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ یه‌كێك له‌م كارانه‌ی ئه‌نجام نه‌داوه بەتەلەفۆن پرسیاری لەسەر لابردنی (کۆی پرۆگرامی پەروەردەی ئیسلامی) کردوە لە هەمو قۆناغەکانی خوێندن و وەڵامدراوەتەوە کە ئەو بابەتە هیچ بنەمای نییەو په‌له‌ی كردوه له وروژاندنی هەستی گشتیی له‌سه‌ر بابه‌تێك كه هیچ بنه‌مای نییه، وه‌ك له خاڵی دوه‌م بەوردی ڕونی ده‌كه‌ینه‌وه.
دوه‌م: پڕۆگرامه‌كانی خوێندنی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی جێگای بایه‌خی وه‌زاره‌تمانه و ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌ڕێز مامۆستا هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی باسیان ده‌كات له پڕۆگرامه‌كانی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی بونیان هه‌یه، چونكه به‌ڕێزیان لێیان ورد نه‌بۆته‌وه و مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی هه‌یه، بۆیه به‌م شێویه باسی كردوه، بفەرمون بە داتا و دۆکیۆمێنت دەیخەینەڕو:
1- سه‌باره‌ت به (بنچینه‌كانی باوه‌ڕ ) له پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی له وانه‌ی شه‌شه‌م له لاپه‌ڕه 18، له پۆلی شه‌شه‌می بنه‌ڕه‌تی له وانه‌ی چوارده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 43، باس كراون، واتا له دو پۆلی خوێندن كه پۆلی یه‌كه‌م و شه‌شه‌می بنه‌ڕه‌تین.
2.جێ‌نشین وهاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (دخ) له چه‌ندین پۆلدا به ورده‌كارییه‌وه باس له ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانیان كراوه، وه‌ك له پۆلی چواره‌می بنه‌ڕه‌تی له لاپه‌ڕه 32، له پۆلی پێنجه‌می بنه‌ڕه‌تی وانه‌ی سێزده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 36 و وانه‌ی پازده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 40 و وانه‌ی شازده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 43، هه‌روه‌ها له پۆلی شه‌شه‌م وانه‌ی ده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 31 و وانه‌ی دوازده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 38 و له پۆلی هه‌شته‌م وانه‌ی بیست و دوه‌م له لاپه‌ڕه 64 و وانه‌ی بیست وسێیه‌م له لاپه‌ڕه 67 و وانه‌ی بیست و چواره‌م له لاپه‌ڕه 69 و باسی شوێنكه‌وتوانیش له وانه‌ی بیست وپێنجه‌م له لاپه‌ڕه 73 كراوه.
3.سه‌باره‌ت به (دادپه‌روه‌ری و دادگه‌ری) له پۆلی هه‌شته‌م له وانه‌ی چواره‌م له لاپه‌ڕه 12 و له پۆلی دوازده‌یه‌م له وانه‌ی چواره‌م له لاپه‌ڕه 21 باسیان كراوه و وانه‌یان بۆ ته‌رخان كراوه.
4.سه‌باره‌ت به (ڕۆژی دوایی) له پۆلی شه‌شه‌م له وانه‌ی چوارده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 45 و هه‌روه‌ها له پۆلی ده‌یه‌م له وانه‌ی سێیه‌م له لاپه‌ڕه 14 و له وانه‌ی سێزده‌یه‌م (به‌ڵگه‌كانی بونی ڕۆژی دوایی) له لاپه‌ڕه 38 و وانه‌ی چوارده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 41 و وانه‌ی پازده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 44، زۆر به وه‌رده‌كاری باس له‌م بابه‌ته كراوه.
5.سه‌باره‌ت به (حوكم له ئیسلامدا) له وانه‌ی چواره‌م له لاپه‌ڕه 21 و وانه‌ی یازده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 47 و وانه‌ی دوازده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 49 و هه‌روه‌ها له وانه‌ی سێزده‌یه‌م له لاپه‌ڕه 55 له پۆلی دوانزه‌یه‌م زۆر به وه‌رده‌كاری باس له‌م بابه‌ته كراوه.
6.سه‌باره‌ت به (سوێند خواردن) لیژنه‌ی پسپۆڕی پڕۆگرامه‌كان بڕیاری داوه كه ئه‌و بابه‌ته له ئاستێكی پێشكه‌وتوتر له قۆناغی یازده‌یه‌می ئاماده‌یی بخوێندرێت له ساڵی خوێندنی (2022-2023).
باشتر بو بەڕێزیان هەر ١٢ کتیبەکەی پەروەردەی ئیسلامی بخوێنیتەەوە بیزانیایە کە ئەو بابەتانەی بەڕێزیان باسی لێدەکات هەموی بونی هەیە لە کتیبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بە شێوەی زانستی و دروست رێکخراون. ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە داواکارین لەم بابەتانە یاری به هه‌ست و سۆزی موسڵمانان نه‌كرێت به بێ بنه‌ما.
وەزارەتی پەروەردە - بەرێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی
٢٤ ی ١٠ ی ٢٠٢١