هاشم کاکەیی: ده‌بێت وەک ئاینێکی جیاواز ئاماژه‌ به‌کاکەیی بكرێت له‌ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستاندا
  2021-11-06       1637       

ئا: ئاوێنە

 

هاشم کاکەیی کەسایەتی دیاری کاکەییەکان لەکوردستان‌و عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان ئاینێكی جیاوازن‌و ده‌بێت لەده‌ستوری هه‌رێمی كوردستاندا ئاماژەیان پێبکرێت، ئەو دەڵێت "ئێستا تەبشیری مەسیحیەت‌و شیعەگەریی لەناوماندا بڵاودەکەنەوە".

 

هاشم کاکەیی راگەیگەیاند "له‌ڕاستیدا ئێمه‌ی كاكه‌یی له‌ عێراق و له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌شنوسی ده‌ستوری عێراق ناوی ئێمه‌ هه‌بوو به‌ڵام دواتر سڕایه‌وه‌، گله‌یمان هه‌بوو له‌ حكومه‌تی عێراق له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ی په‌راوێز خست، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا خه‌ریكی نوسینه‌وه‌ی ڕه‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان بوون، ئێمه‌ دووجار چوینه‌ته‌ په‌رله‌مان و به‌فه‌رمی داوامان له‌و به‌ڕێزانه‌ كرد له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و چوینه‌ته‌ لای هه‌موو فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان پێمان وتوون كه‌ ئێمه‌ ئاینێكی جیاوازین و خاوه‌ن كلتوری خۆمانیین و به‌شێكین له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ عێراق و له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ین هاوڵاتیه‌كی ئه‌م نیشتیمانه‌ین ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ ئێمه‌ بكرێت له‌ ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستانیشدا، له‌ڕاستیدا لیژنه‌یه‌ك هه‌بوون ده‌ستوره‌كه‌یان ده‌نوسیه‌وه‌، چه‌ند كه‌سێك بوون هه‌ندێكیان توندڕه‌و بوون به‌رامبه‌ر به‌ئێمه‌، یه‌كێكیان ئیسلامی بوو زۆر توند بوو له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌یوت ئێوه‌ ده‌بێت به‌شێك بن له‌ ئیسلام له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێكتان لای ئێمه‌ ئیسلامه‌ و ئێوه‌ نابێت خۆتان له‌ ئیسلام جیابكه‌نه‌وه‌".

دەربارەی ژمارەیی کاکەییەکان لە هەرێمی کوردستان هاشم کاکەیی وتی "بێگومان ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌وان كه‌ركوكیش حساب نه‌كه‌ن به‌ هه‌رێمی كوردستان واته‌ بڵێن كه‌ركوك هه‌رێمی كوردستان نییه‌ به‌ڵام خۆ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ین و زۆرین، له‌ سلێمانی هه‌ین، له‌ناو هه‌ولێر هه‌ین، شاره‌ دێكمان هه‌یه‌ به‌ناوی "سوفه‌یه‌" له‌ناو هه‌ولێر، له‌خه‌بات هه‌ین، به‌چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ودیوی خه‌بات حه‌وت هه‌شت گوندی كاكه‌یی لێیه‌ كه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای "موسڵ"ن به‌ڵام ئێستا له‌ژێرده‌ستی هه‌رێمی كوردستاندایه‌ ئه‌و شوێنانه‌، له‌ كه‌ركوكیش زۆر زۆرین ژماره‌مان 100 هه‌زار كه‌س ده‌بێت، له‌داقوق و مه‌نده‌لیی و خانه‌قین دیاره‌ ئه‌مانه‌ به‌ كوردستان هه‌ژمار ناكرێت لای ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه‌ ئه‌و شتانه‌ ده‌ڵێن، له‌وانه‌یه‌ ژماره‌مان 100 هه‌زار كه‌س ببێت. "

وتیشی "ئه‌وه‌نده‌ گله‌یمان هه‌یه‌ له‌ یه‌كێتی و پارتی كه‌ ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدارن له‌هه‌رێمی كوردستان كاكه‌ییه‌كانیان په‌راوێز خستووه‌ بۆیه‌ ئێستا ته‌بشیری مه‌سیحیه‌ت له‌ناوماندا بڵاوه‌، ته‌بشیری شیعه‌گه‌ری له‌ناوماندا بڵاوه‌، ئه‌وه‌ به‌ڕاستی شتێكی زۆر زۆر مه‌ترسیداره‌ له‌سه‌ر ژیانی ئێمه‌ بۆیه‌ داواده‌كه‌ین ناومان بچه‌سپێت و جیامان بكه‌نه‌وه‌ له‌و نامۆیه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت ناسنامه‌ی ئێمه‌ بگۆڕێت و كه‌لتوری ئێمه‌ له‌ناوبه‌رێت، كه‌وتونه‌ته‌ گیانی ئێمه‌ له‌هه‌موو شوێنێك هه‌ن له‌ هه‌ولێر و له‌ سلێمانی له‌ هه‌موو شوێنێك ئیش ده‌كه‌ن. ده‌یانه‌وێت ئه‌و كه‌لتوره‌ له‌ناو ببه‌ن، ئه‌و كه‌لتوره‌ نه‌مێنێت و هه‌ركه‌سێك بۆخۆی به‌شی خۆی ده‌بات به‌شێكیان ده‌كه‌نه‌ مه‌سیحی و به‌شێك ده‌كه‌نه‌ سونی و به‌شێك ده‌كه‌نه‌ شیعه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌لتورێكی خواپه‌رستی یه‌زدانی كوردی كۆنه‌، خاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ كوردستاندا نه‌مێنێن ئه‌م شته‌ نه‌ له‌ ئێران و نه‌ له‌ عێراق به‌تایبه‌تی له‌ كرماشان كه‌ كاكه‌یی زۆر لێیه‌ له‌ دوو ملیۆن زیاترن به‌هه‌ر هۆكارێك بێت ده‌یانه‌وێت له‌وێ نه‌مێنن و له‌ كه‌ركوكیش نه‌مێنن و له‌ سلێمانی و ئه‌وانه‌ش نه‌مێنن ئیتر هه‌ركه‌سه‌ و له‌ڕێگه‌ی خۆیه‌وه‌ ئیشی بۆ ده‌كات بۆ ته‌فر و تونا كردنی ئاین و كه‌لتوره‌ كۆنه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی كوردی كه‌ له‌ناو ناوچه‌كه‌دا نه‌مێنێت. ئێمه‌ هه‌تا ئێستا به‌ترس و لەرزه‌وه‌ له‌ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن قسه‌ ده‌كه‌ین ناكرێت ئێمه‌ بێده‌نگ بین هه‌تا ئێستا 300 كه‌س له‌ ئێمه‌ كوژراوه‌، داعش كوشتویه‌تی، توندڕه‌وه‌كان كوشتویانه‌ له‌هه‌موو شار و شوێنه‌كاندا له‌سه‌رئه‌وه‌ی كاكه‌یین و بیروباوه‌ڕمان جیاوازه‌.".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×