وڵاتانی عەرەبی بە توندی سەرکۆنەی هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی، دەکەن
  2021-11-07       407       
وڵاتانی سعودیە، میسر، ئيمارات، قەتەر، کوەیت، لوبنان و هەروەها ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و پەرلەمانی عەرەبی "بە توندی" سەرکۆنەی هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دور بکەنەوە لە توندوتیژی.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە پەیامەکەیدا (7ی تشرینی دووەمی 2021) دەڵێت، "بە توندی ئەو کردەوە تیرۆرستییە ترسنۆکانە سەرکۆنە دەکەین و جەخت دەکەینەوە لە پاڵ عێراقی برامان دەوەستینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەموو تیرۆرستان کە ڕێگری دەکەن عێراقی برا ڕۆڵی خۆی بگێڕێتەوە."

لەلایەکی ترەوە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و وتی، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری هەواڵی هەوڵی تیرۆرکردنەکەم کرد کە ڕووبەڕووی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووەتەوە ئەم بەیانییە، داوا لە خوا دەکەم ئەو بپارێزێت و ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق و گەلەکەی بگەڕێتەوە."

سیسی داوای لە "تەواوی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و دور بکەونەوە لە توندوتیژی لە پێناو سەقامگیری دەوڵەت و بەدەستهێنانی هیواکانی گەلی عێراقی برا."

لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاند، "هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی کارێکی تیرۆرستانەیە و جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی شوێنکەوتنی تێوەگلاوان تێیدا."

دەوڵەتی ئیماراتیش ئیدانەی هێرشەکەی کرد.

هاوکات نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان پەیوەندی بە مستەفا کازمییەوە کرد بۆئەوەى لە تەندروستیی ناوبراو دڵنیا بێتەوە و هیوای خواست "سەقامگیری و ئاسایش بۆ عێراقی برا بگەڕێتەوە."

لە لایەکی ترەوە، ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو ڕایگەیاند، "ئەنجومەنەکە ئەو جۆرە دەستدرێژییانە ڕەت دەکاتەوە کە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەخاتە مەترسییەوە."

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (7ی تشرینی دووەمی 2021) شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووچاری هێرشی موشەكی بوویەوە، لە ئەنجامیشدا هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.

لەپاش هێرشەكە مستەفا كازمی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ڕایگەیاند، "ماڵەكەم دووچاری دوژمنكارییەكی ترسنۆكانە بووەتەوە، سوپاس بۆ خوا خۆم و ئەوانەی لەگەڵما كار دەكەن سەلامەتن".

هەروەها وتیشی، فڕۆكەی بێفرۆكەوان و موشەكی ترسنۆكانە وڵات بنیات نانێن، ئێمە لە ڕێگای دەزگاكانی دەوڵەتەوە خەریكی بنیاتنانی دەوڵەتی خۆمانین، داوا لە هەموو لایەنەكانیش دەكەن دیالۆگ بكەن لە پێناو عێراق و ئایندەی عێراق.

هەوڵی تیرۆركردنی كازمی پاش ڕۆژێك لە گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوز دێت كە تێیدا لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و چەكدارە خۆپیشاندەرەكانیان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەرەنگاربوونەوە و چەند كوژراو و بریندارێكی لێ كەوتەوە، بەدوایدا سەرانی گروپەكان هەڕەشەی توند و ڕاستەوخۆیان ئاراستەی مستەفا كازمی كرد.

لەپاش گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوزیش، قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسایب لە ناو چەكدار و لایەنگرەكانی وتی: ئەی كازمی بەو وەسفانەی كە شایستەیت لەمنی وەرگرە وەك شروگییەكی ڕەسەن، خوێنی شەهیدان.. خوێنی شەهیدان.. خوێندنی شەهیدان لە گەردنی تۆیە، خوێنی شەهیدان دادگاییكردنی تۆیە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×