2021-11-11   616     
پۆلیسی كەناراوەكانی یۆنان دیمەنێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە بەلەمێكی چووپی پڕ لە كۆچبەر لەنێوان دوو كەشتی سەر بە ئێشكگری كەناراوەكانی توركیا دەردەكەون كاتێك هەردوو كەشتی بەلەمەكە بەرەو ئاوەكانی یۆنان ئاراستە دەكەن.
ئاوێنە: یۆنان بە بەردەوامی توركیای هاوسێی تۆمەتبار دەكات بە ڕێگەدان بە بەلەمەكانی كۆچبەران تا كەناراوەكانی جێبهڵن و ڕوو لە ئاوەكانی یۆنان بكەن، بە پێشێلكردنی ڕێككەوتنی مانگی ئازاری 2016 كە تیایدا ئەنقەرە بەڵێنی وەستاندنی كۆچی نایاسایی لە خاكی وڵاتەكەیەوە بۆ ئەوروپا دا لە بەرامبەر بەدەستهێنانی هاریكاریی دارایی لە یەكێتیی ئەوروپا.
دەربارەی دیمەنە ڤیدیۆییەكە یانیس بلاكیۆتاكیس، وەزیری دەریایی یۆنان ڕایگەیاند، توركیا جارێكی دیكە، وەك دەوڵەتە چەتەی دەریایی لە ئیجە هەڵسوكەوتی كرد، بەمەش پێشێلی پابەندییەكانی بەرامبەر یەكێتیی ئەوروپا كرد.
دواتریش كیریاكۆس میتسۆتاكیس، سەرۆك وەزیرانی یۆنان جارێكی دیكە توركیای تۆمەتباركرد بە “قۆرغكردنی” پرسی كۆچ.
نزیكەی 400 كۆچبەری نایاسایی ڕۆژی یەكشەممە لە دورگەی كۆس دابەزین دوای ئەوەی بە بەلەمیك كە ئاڵای توركیای هەڵگرتبوو گەیشتنە كەناراوەكەی.
بەپێی كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كۆچبەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 2500 كەس لە توركیاوە بە دەریای ئیجەدا پەڕیونەتەوە، بەرامبەر 9700 كەس لە ساڵی 2020دا كە كۆمسیۆنەكە نقومبوون یان بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە 100 كەسی تۆماركرد.