پیر لوقمان: ئایینی زەردەشتی لەهەرێم لەوپەڕی برەوی خۆیدایە
  2021-11-14       1326       
پیر لوقمان

ئا: ئاوێنە

 

پیر لوقمان، كە خۆی وەك رابەری ئایینی زەردەشتییان لەهەرێمی كوردستان دەناسێنێت، دەڵێت، وێڕای پەلامارەكان، ئایینی زەردەشتی لەهەرێمی كوردستان لەوپەڕی برەودایەو تا ئێستا دەیان هەزار كەس بونەتە زەردەستی. 

 

پیر لوقمان ئاماژە بەوە دەکات "خەڵک لە گەڕانەوەی بۆ سەر ئایینی زەردەشتی بەردەوامە، وێڕای ئەوەی گیروگرفتێکی زۆرمان بۆ پێشهاتوە لە هەرێمی کوردستاندا بەتایبەتی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقافەوە،‌ هەروەها ئەو هێرش و پەلامارانەی هەم لەلایەن ئیسلامی سیاسی و هەم کۆمەڵێک تونڕەوی ئیسلامییەوە دەكرێنە سەرمان، بەڵام هێشتا ئایینی زەردەشتی لەو پەڕی برەوی خۆیدایە."

هەرچەندە پیر لوقمان ژمارەیەكی وردی ئەوانەی بونەتە زەردەشتی لەلا نییە بەڵام وتی "تا ئێستا دەیان هەزار کەس بونەتە زەردەشتی."

جەختیشی كردۆتەوە كە بون بە زەردەشتی "ئایین گۆڕین نییەو گەڕانەوەیە بۆ ئایینی کورد، واتە گەڕانەوەیە بۆ خود، ئێمە وا باوەڕمان پێیەتی و بانگەشەکانیشمان وایە و هەقیقەتیش وایە، ئێمە دەست بۆ ئایینە کوردییەکان نابەین، ئێمە هیچ کەسێک لە یارسان یان خورشیدی وەرناگرین، چۆن ئایینی ئیسلام یان کریستییان بانگەشەکارە ئێمەش بانگەشەی خەڵک دەکەین بۆ سەر ئایینی زەردەشتی، هەڵبەت ئەو خەڵکەی دێنە سەر ئایینی زەردەشتی، یا مەسیحین یان موسڵمانن."

 

بەپێی قسەی پیر لوقمان ئەوانەی دەبنە زەردەشتی زیاتر لەڕەگەزی مێن و خوێندكارن. هێماشی بۆ ئەوە كردوە كە لەسەدا 99ی ئەوانەی دەگەڕێنەوە سەر ئایینەكە، بەنهێنی كاردەكەن و وتوشیەتی"کەواتە ترس هەیە لەسەر ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئایینی زەردەشتی، ترسی کۆمەڵایەتی، ترسی ئایینی، ترسی سیاسی، هەمو جۆرە ترسێکی لە بەردەمدایە، واتە هیچ شتێکی دڵخۆشکەر نییە بڵێی ئەم تاکە ئازادە و بەئازادی ئەڵێ من زەردەشتیم، جگه‌ له‌و کەسەی تەنها خۆمان دەستنیشانیان دەکەین وەکو ئەرک، دەڵێین خۆت ئاشکرا بکە."

پیر لوقمان ئه‌وه‌ش روندەکاتەوە کە "ئەو ئایینەی لە کوردستان حوکمداری فکر دەکات، واتە کەرەستەی بیرکردنەوەکانی خەڵکی کوردستانە ئایینێکی ڕەقە، قبوڵی وازهێنان ناکات، مردنیان هەیە لە بەردەم ئەوەدا، کوشتنیان هەیە، ڕەجم کردن-یان هەیە، قامچییان هەیە، ئەم جۆرە شتانەیان هەیە، کەواتە ئەو كه‌سەی ده‌بێته‌ زه‌رده‌شتی بە ئاشکرا ناتوانێت، یەک مەلا خوتبەیەک بدات بە هەزاران دینە سەر شەقام."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی لە سیاسەت خۆتان دورئەکەنه‌وه‌؟ پیرلوقمان دەڵێت "لەبەرئەوەی ئایینی زەردەشتی دژی بەشداریکردنی ئایینە لە دەسەڵاتدا، ئێمە لە " گاتا" هەمانە ئەگەر سیاسییەکان و پیاوە ئایینییەکان یەکبگرن، کرپن و کایەی پێدەوترێ، ئەم کرپن وکاییانە ئەگەر یەکبگرن، وەکو " زەردەشتی مەزن دەفەرموێت" ئەوە ژیان تێکدەچیت. واتە هەمو شتێک دەبێتە بەرژەوەندی و قۆڕخکاری و کۆیلایەتی بەرهەم دێت."

دەشڵێت "ئایین نابێت کۆمەڵگە بەرێوە ببات، لەئایینی زەردەشتیدا قەدەغەکراوە، شتێکە کە جێگیر کراوە، لە دوازدە برگەی دەستورنامەی زەردەشتیاندا، یەکێک لە خاڵە تایبەتەکان ئەوەیە ئاییین نابێت کۆمەڵگە بەڕێوە بەرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×