وەزیری دەرەوەی
روسیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا توركەكەی، هۆشداری دەداتە توركیاو داوا
دەكات نیگەرانییەكانی مۆسكۆ لەبارەی ناردنی چەك بۆ ئۆكرانیا، بەجددی وەربگرێت.
ئاوێنە: بەگوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی
دەرەوەی روسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ،
وەزیری دەرەوەی توركیا، بەوردی تاوتوێی دۆخی ناوچەكە بەتایبەت پەرەسەندنەكانی
ئۆكرانیایان تاوتوێ كردوە.
وەزیری دەرەوەی روسیا، ئۆكرانیای
تۆمەتباركردوە بەوەی كە هەوڵەكانی كییف بۆ دروستكردنی گرژیی لە باشوری رۆژهەڵاتی
وڵاتەكە كە بە هاندانی وڵاتانی رۆژئاوایە، هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر سەقامگیری
ناوچەكە.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەداوە كە دەبێت توركیا
بەجددی مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییەكانی روسیا بكات لەبارەی هاریكاریی ئەنقەرەو كییف
لە بواری تەكنەلۆژیای سەربازییدا كە هاوكار دەبێت لە بەردەوامیی چەكداركردنی
ئۆكرانیادا.
ئەو هۆشدارییەی روسیا بۆ توركیا دوای ئەوە
دێت كە سوپای ئۆكرانیا لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا رایگەیاندبو، بۆ
یەكەمجار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دروستكراوی توركیای لەناوچەی جێ ناكۆكی لە باشوری
رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا بەكارهێناوە.