پۆڵەندییەكانی خانەقین؛ 80 ساڵ لەمەوبەر خانەقین باوەشی بۆ سەدان كۆچبەری پۆڵەندی كردۆتەوە
  2021-11-21       2980       
ژمارەیەك گۆڕی پۆڵەندییەكان لە گۆڕستانێكی تایبەتدا لە خانەقین فۆتۆ: ئادەم وەرسزاوسکی

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو

سەدان گۆڕی پۆڵەندییەكان لە خانەقین، بەر هێرشی گروپە توندڕەوەكان كەوتون و خەریكە لەناودەچن، هەرچەندە هەشت دەیە بەسەر مێژوی دروستكردنیاندا تێدەپەڕێت و چاوەڕێی نۆژەنكردنەوە دەكەن.

ئەو گۆڕستانە مێژوەكەی بۆ جەنگی جیهانی دوەم دەگەڕێتەوە، كاتێك سەدان خێزانی پۆڵەندی بەهۆی شەڕەوە ئاوارەی چەند وڵاتێكی ئاسیا بون لە نێویاندا عێراق.

گۆڕستانەكە بە دوری 5كم لە سەنتەری قەزای خانەقینەوە دورە لە پارێزگای دیالەو هەوڵە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەت و شوێنەوارناسانی پۆڵەندا بۆ نۆژەنكردنەوەی بەشێوەیەكی تەواو، سەركەوتو نەبوە، كە گۆڕانكارییە سەربازیی و سیاسییەكانی ناوچەكە لە دەیەكانی رابردودا یەكێكبوە لە هۆكارەكانی پشتگوێخستنی.

مێژویەك لەئاوارەیی و كۆچی پۆڵەندییەكان

بەپێی ئامارێكی (كەركوك ناو)، كە لەگەڕیدەیەكی پۆڵەندی وەریگرتوە، گۆڕستانەكە 438 گۆڕی تێدایە، كە مێژوەكەی بۆ ساڵی 1942 دەگەڕێتەوە، لەگەرمەی جەنگی جیهانی دوەمدا.

ئادەم وەرسزاوسکی گەڕیدەو رۆژنامەنوسی پۆڵەندی، ساڵی 2017 سەردانی گۆڕستانەكەی كرد، توێژینەوەیەكی لەسەر گۆڕستانەكە ئامادەكردوە. بەئامانجی لەناونەچونی و كاركردن بۆ نۆژەنكردنەوەی.

ئەو لەڕێی ئیمەیڵەوە مێژوی كۆچی پۆڵەندییەكانی بۆ (كەركوك ناو) گێڕایەوە و وتی "لە 17ی ئەیلولی 1939 بۆ یەكەمجار كە پۆڵەندییەكان بەسەر ئەڵمانیا و یەكێتی سۆڤیەتدا دابەشبون، هەزارەها خەڵکی مەدەنیی و سەربازەكانی خزێنرانە نێو بەندینخانەكانی یەكێتی سۆڤیەت بەهۆی شەڕەوە، كەمپی تایبەتیان بۆ دروستكراو ناچاركران زێدی خۆیان بەجێبهێڵن."

دواتر بۆ سیبریا لە بەشی خۆرهەڵات و باكوری خۆرهەڵاتی روسیا گوێزرانەوە و جێگیركران. بەڵام رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1941 بوە هۆی ئەوەی بتوانن سوپا و هێزی تایبەت بەخۆیان هەبێت و تەواوی زیندانەكانیان لەمەدەنیی و سەربازیی ئازادبكرێن.

بەپێی وتەی ئادەم وەرسزاوسکی، ئەو "رێككەوتنە گرنگە" دوای ئەوەی هات كە سوپای ئەڵمانیا هێرشیكردە سەر یەكێتی سۆڤیەت.

"بەڵام لەگەڵئەوەشدا پۆڵەندییەکان رەتیانکردوە بڕۆنە پاڵ یەکێتى سۆڤیەت. ئەوە بو بەشێكیان لەساڵی 1942 بەرەو ئێران، کازاغستان، عێراق، فەڵەستین و میسر كۆچییانكرد، بەشێكی تریان بۆ ئەوروپا گەڕانەوە"، ئادەم وایوت.

ئەوكات  پۆڵەندا 115 هەزار مەدەنیی و 78 هەزار و 500 سەربازی لە یەكێتی سۆڤیەت هەبو. لەگەڵ 18 هەزار منداڵ كە بەهۆی شەڕ و ئاوارەییەوە بێ دایك و باوك بون.

ئادەم وتی "سەدان كەسیان لێ مردن، بەهۆی خراپی رەوشی زیندانەكان و كۆچكردن، برسێتیی و نەخۆشی."

گەیشتن بە خانەقین

بەپێی گێڕانەوەی مێژوناسانی خانەقین، لە ساڵی 1942 پۆڵەندییەكان گەیشتونەتە ئەو قەزایە، بەشێكیان سەربازبون و بەشێكی تریان مەدەنی ئەوكات ناوچەكە لەژێر دەسەڵاتی سوپای بەریتانیادا بو.

ئیبراهیم محەمەد (65 ساڵ)، مێژونوس و شوێنەوارناسی خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆرێك لە پۆڵەندییەكان بەهۆی نەخۆشییەوە مردون، ئەوكات بەریتانیا ئەو شوێنەی دیاریكرد بۆ ناشتنی تەرمی پۆڵەندییەكان."

گۆڕستانەكە دەكەوێتە نزیك بەنداوی ئەڵوەند، ناوی مردوەكان و هەندێك زانیاریی لەسەر ژیانیان و لەگەڵ دروشمی وڵاتی پۆڵەندا بە هەڵكۆڵدراوی لەسەر كێلەكان.

ئیبراهیم محەمەد وتی "حكومەتی بەریتانیا ئەوكات لەشەڕدا بو، بۆیە نەیدەتوانی هیچ مردوییەك بباتەوە بۆ وڵاتی خۆیان."

جگەلە خانەقین، گۆڕی پۆڵەندییەكان لە كەركوك، موسڵ، بەغدا، بەسرە، حەبانیە و چەند ناوچەیەكی تری عێراق هەیە، بەڵام ئادەم وەرسزاوسکی، دەڵێت "خانەقین گەورەترین گۆڕستانی پۆڵەندییەكان و سەرەكیتریانە."

ئەو وتی "ئەم گۆڕستانە لەسەر داوای پۆڵەندییەكان دروستكراوە، هەروەها رەزامەندبون لەوەی تەرمی نەتەوەكانی تریشی تێدا بنێژرێت". زیاتر وتی "لیستى تەواوى ئەو کەسانەمان لایە، كە  لەنێو ئەم گۆڕستانە نیژراون، بە ناوى سیانى، رۆژى لە دایکبون و مردنیان."

لەو گۆڕستانەدا 104 گۆڕی هندیی و سێ گۆڕی نەتەوەی عەرەبی تێدایە، بەپێی ئامارەكەی ئادەم وەرسزاوسکی.

پێكەوەژیانی پۆڵەندییەكان لە خانەقین

قەزای خانەقین مێژویەكی درێژی هەیە لە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان، موسڵمان (سوننە و شیعە)، كریستیانی، لەگەڵئەوەشدا ئایینی كاكەیی. لەپاڵ نەتەوەكانی كورد، عەرەب، توركمان. بەڵام چیرۆكەكە لێرە تەواو نابێت، پۆڵەندییەكان بەشێكی ئەو مێژوەن.

ئیبراهیم محەمەد (65 ساڵ)، مێژونوس و شوێنەوارناسی خانەقین وتی "پۆڵەندییەكان لەكڵێسای مەسیحییەكان نزا و خوا پەرستییان كردوە و لەگەڵ خەڵكی قەزاكە تێكەڵ بون."

هەروەها وتی "كلتوری خۆیان لە شارەكە بەشكردوە و خاوەنی هونەر و فەرهەنگی خۆیان بون و دەیانپاراست، تەنانەت خوێندنگەیەكی هونەری پۆڵەندی هاوبەش لە قەزاكە بونی هەبو."

بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی كە سەرەڕای تێكەڵبون و پێكەوەژیانیان لەگەڵ خەڵكی قەزاكە، هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت كە پەیوەندی هاوسەرگیرییان هەبوە لەگەڵ خەڵكی قەزاكە.

بەشێكی گۆڕستانەكە شێوێنراوە

ئیبراهیم محەمەد (65 ساڵ)، جەختیكردەوە لەوەی لەدوای ساڵی 2003 و روخاندنی رژێمی بەعس، بەشێك لەچەكدارانی توندڕەو، كێل و شوێنەواری بەشێك لە گۆڕەكەیان تێكداوە.

ساڵی 2013 لێپرسراوانی كونسوڵخانەی پۆڵەندا لەهەولێر و ئارام ئەحمەد، وەزیری ئەوكاتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم پرسی نۆژەنكردنەوەی گۆڕستانەكەیان باسكرد.

ئادەم وەرسزاوسکی وتی "ئەوكات كەمێك نۆژەنكرایەوە و پەرژینێكی بۆ كرا، لەگەڵ دانانی ناو و زانیاریی لەسەر گۆڕەكان."

سەروەر عەلى، چالاکوانى قەزاى خانەقین كە چەند جارێك چۆتە گۆڕستانی پۆڵەندییەكان، باسی ئەوەیكرد كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەو گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان، بەشێكی تری گۆڕستانەكە تێكدراوە، لەلایەن خەڵكی نەناسراوەوە.

روداوەكان هەرچۆنێك بن، ئادەم وەرسزاوسکی دەیەوێت جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ عێراق و سەردانی گۆڕستانەكەی خانەقین بكات.

"زانیاریمان هەیە لەسەر گۆڕستانێكی تری پۆڵەندییەكان لە بەغدا كە لەسەردەمی شەری ئێران – عێراق تێكشكێنراوە، چونكە شوێنەكەی نزیكبوە لە پاڵاوگەی نەوت"، ئادەم وایوت.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×