2021-11-25   1105     
میهر نایف یەکێک لە خوێندکارە یەکەمەکانى پار ساڵ لە خۆپیشاندانەکانى خوێندکاراندا لەسنورى سلێمانى دەستگیرکراوە و دایکى دەڵێت چارەنوسى نادیارە.
ئاوێنە: دایکى ئەو خوێندکارە لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک باسى لەوەکردووە، کوڕەکەى کە ئێستا قوتابی کۆلێژی پزیشکیە لەبرى خەڵاتکردن دەستگیرکراوە و ڕاپێچی زیندان کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کوڕەکەی داوای مافی خۆی و هاوڕێکانی کردووە بە شێوازێکی مەدەنیانە، "بەڵام لەسەر شەقامی گشتی ڕفاندوویانە و بێ سەرو شوێنیان کردووە بێ ئەوەی تا ئێستا هیچ سۆراغێکی هەبێت".
هەر لەو بارەیەوە، لقی سلێمانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان سەر بە یەکگرتوو لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "میهر نایف قوتابی کۆلیژی پـزیشکی سلێمانی و ئەندامی ڕێکخراوی گەشەپێدانە بەڕێکاری مەدەنی و بە مەبەستی داخوازی مافە زەوتکراوەکانیان لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی قوتابی بەشداری خۆپیشاندانی هێمنانەیان کردووە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە".