ساجد جاوید وه‌زیری ته‌ندروستی به‌ریتانیا ئه‌مڕۆ شه‌ممه 27ی 11ی 2021 تۆماركردنی دوو حاڵه‌تی توشبوون به‌كۆرۆنای نوێ "ئۆمیكرۆن" له‌وڵاته‌كه‌ی راگهیاندو جه‌ختیشی كرده‌وه كه هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه په‌یوه‌ندییان به‌هاتنی هاووڵاتییانی باشووری ئه‌فریقیاوه هه‌یه بۆ ناو به‌ریتانیا.
ئاوێنه: لهڕاگهیهنراوێكدا جاوید بڵاویكرده‌وه كه‌هه‌موو رێكارێكی به‌په‌له‌یان گرتۆته‌به‌رو هه‌ردوو كه‌سی توشبوو خۆیان كه‌ره‌نتین كردووه‌و به‌شوێن ئه‌وانه‌شدا ده‌گه‌ڕێن كه تێكه‌ڵاوییان هه‌بووه.
راشیگه‌یاند: له‌ئێستادا چوار وڵاتی دیكه‌ی ئه‌فریقیا له‌لایه‌ن حكومه‌تی وڵاته‌كه‌یه‌وه خراونه‌ته لیستی سوورهوهو گه‌شتكردن له‌گه‌ڵیاندا راگیراوه كه‌بریتین له‌وڵاتانی مه‌لاوی و مۆزه‌مبیق و زامبیاو ئه‌نگۆلا ئه‌وه‌ش بڕیاره‌و ده‌بێت له‌زووترین كاتدا پچێته‌وه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
جاوید وتیشی: بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره نوێیه‌ی كۆرۆنا به‌ڕوونی ئه‌وه‌مان بیرده‌خاته‌وه كه هێشتا له‌م په‌تایه ده‌رباز نه‌بووین و داواش له‌هاووڵاتیان ده‌كات ڤاكسینه‌كانی دژه كۆرۆنا وه‌ربگرن و راشیگه‌یاند ئه‌گه‌ر پێویست بكات دوو دڵ نابن له‌گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی تردا.
پێشتریش به‌ریتانیا رایگه‌یاندبوو كه گه‌شته‌كانیان بۆ شه‌ش وڵاتی باشووری كیشوه‌ری ئه‌فریقیا راگرتووه دوای ده‌ركه‌وتنی جۆرێكی نوێی كۆرۆنا "ئۆمیكرۆن" له‌هه‌ریه‌ك له وڵاتی باشووری ئه‌فریقیا و نامبیاو لیسوتو و ئهسواتینی و زمبابۆی و بۆتسوانا.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی په‌تاكه‌وه حكومه‌تی به‌ریتانیا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر بوه‌وه له‌پای سیاسه‌ته‌كانی سه‌باره‌ت به گه‌شت و كه‌ره‌نتینه‌و كردنه‌وه‌ی سنووره‌كان له‌به‌رده‌م هاتووچۆی گه‌شتیارانی بیانی له‌كاتێكدا به‌رده‌وام حاڵه‌ته‌كانی توشبوون به‌په‌تاكه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو رووی له‌به‌رزبوونه‌وه بوو.