"ئەو ئاسایشەی بەشەق لەسەری خوێندكارەكەی دا، تا ئێستا نەبراوەتە بەردەم دادگا"
  2021-11-28       1149       

ئەو کارمەندی ئاسایشەی بەشەق لەسەری خوێندكارەكەی زانكۆی دا، سەڕەرای ئەوەی دادوەریش فەرمانی دەستگیر كردنی بۆ دەركردوە، بەڵام تا ئێستا نەچوەو نەبراوەتە بەردەم دادگا".

ئاوێنە: سەرچاوەیەكی یاسایی ئاگادار كە چاودێریی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ دەكات لەكوردستان‌و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بەئاوێنەی راگەیاند "سەڕەرای ئەوەی داواكاری گشتی سكاڵای لەدژی ئەو ئاسایشە جوڵاندوە كە لەخۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردودا بەشەق لەسەری خوێندكارێكی زانكۆ دەدات‌و دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەش فەرمانی دەستگیر كردنی بۆ دەركردوە بەپێی ماددەی 332و جێگری سەرۆكی حكومەتیش رایگەیاندوە پشتگیریی لەدەستگیر كردنی دەكات، بەڵام ئەگەر دەستگیریش كرابێت نەهێنراوەتە بەردەم دادوەرو لەدادگا ئامادە نەبووە".
ئەم سەرچاوە یاساییە گومانی هەیە لەوەی ئەو ئاسایشە دەستگیر كرابێت، ئەو وتی "دادگا فەرمانی كردووە دەستگیر بكرێت، بەڵام تا ئێستا رون نییە كە دەستگیر كراوە یان نا، ئەگەر دەستگیریش كرابێت وەك باس دەكرێت، بۆچی تا ئێستا نەهێنراوەتە بەردەم دادگاو دادوەری لێكۆڵینەوە؟!".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×