شەبەك، سەدان ساڵە لەسایەی جەورو ستەمدان
  2021-12-01       1718       

ئا: بارام سوبحی


پێكهاتەیەكی ئاینی ئاڵۆزیان لەنێوان مەزەبی سوننەو شیعەی ئیسلامی‌و مەسیحی‌و كاكەییدا هەیە، بەزۆری لەگوندو شارۆچكەكانی باكورو رۆژهەڵاتی موسڵ دەژین، بەپێی ئامارە نافەرمیەكان ژمارەیان بەنزیكەی (300) هەزار كەس دەخەمڵێنرێت. لە دە ساڵی رابردودا‌و بەهۆی توندوتیژییەكانی عێراقەوە زیاتر لە (3000) كەسیان لێكوژراوە: شەبەك.


ئەم گروپە بەوردی مێژوی سەرهەڵدان‌و چۆنێتی دەركەوتنیان دیار نییە، چونكە بەهۆی ستەم‌و جەوری زەمانەو چەوساندنەوەو سەركوتكردنی بیروباوەڕیان، سەرچاوەكانیان شێوێندراوەو ون بون. ئەو زانیارییانەشی لەبەردەستدان جەخت لەوە دەكەنەوە كە گروپێكی كۆنی كوردن‌و خاوەنی بیروبۆچونی تایبەت بەخۆیانن‌و مێژویەكی دورو درێژیان هەیە. بەنمونە ساڵی (1919) قوتابخانەیەكی كوردی تایبەت بەتایفەی شەبەك لەگوندی گوگجەلی نزیك موسڵ كراوەتەوە.
ئەو سەرچاوە كوردی‌و ئیسلامیانەی باسیان لە رەگوریشەی شەبەك كردوە، رونیدەكەنەوە رێورچەی شەبەكەكان لەسەر رێبازی (شێخ سەفی - سافی)یەو زمانی شەبەك (ماچۆ)یە، كە دیالیكتێكە لە (گۆران)ی زمانی كوردی چەشنی (هەورامی، زەنگنە، كاكەیی). لە دائرە المعارف الاسلامیەدا دەڵێت: ژمارەیان بەگوێرەی مەزەندەی كاربەدەستانی ئینگلیز دە هەزار كەس دەبێ‌‌و لە لیوای موسڵ دەژین.
مێژونوسی عێراقی د.شاكر خەسباك، باس لەوەدەكات ئاینی شەبەكەكان بەهۆی نهێنی راگرتنی تەمومژ دایپۆشیوە‌و بەموسڵمانی توندڕەو دەژمێردرێن، بەهۆی ئەو پیرۆزییە تەماشاكردنەی بەرانبەر بەئیمامی عەلی‌و نەوەكانی هەیانە. وەكو مەسیحیەكان بەبۆنەی سەری ساڵەوە ئاهەنگ دەگێڕن‌و دەچنە لای پیران بۆ خۆشبون لەگوناهیان‌و جلوبەرگیان لەشێوەی بەرگی مەسیحیەكانە‌و لە (25) گوندی موسڵدا بڵاوبونەتەوە.
مامۆستا جەمیل رۆژبەیانی نوسەر لەبارەی شەبەكەكانەوە ئاماژە بەوەدەكات كتێبە پیرۆزە ئاینیەكەیان بەگۆرانی نوسراوە‌و هەر بەشێوە زاری گۆرانی تەلقینی مردو دەكەن، لەبنەڕەتدا كاكەین، بەڵام هاوسێتی قزڵباشانیان كردوە‌و كاریگەریی مەزهەبی جەعفەریان لەسەرە.
چین‌و توێژەكانی شەبەك پێكهاتون لە (پیران، سۆفیان، تالیبان، عامیان). پیران هەمو شتێكیان بەدەستە‌و خاوەن مەقام‌و بڕیارە ئاینیەكانن، سۆفیان ئەوانەن بەشداری كۆبونەوەكان دەكەن‌و زۆرجاریش وەعز بۆ خەڵكی دادەن، تالیبان ئەوانەن دەبنە موریدێكی راستەقینەو عامیانیش هەمو ئەو خەڵكە دەگرێتەوە كە لەدەستەی پیران‌و سۆفیان نەبن.
هەروەكو گروپە ئاینیە باتنیەكانی كوردستان، شەبەك بیروباوەڕی هەردوو مەزەبی سوننەو شیعەی تێكەوتووە، بەڵام وادیارە كاریگەری ئال بەیتیان زیاتر لەسەرەو خۆیان بەعەلەوی باتنی دەنوێنن‌و رەنگە بۆچونیان لەگەڵ شیعەی دوانزە ئیمامی لەزۆر شتدا جیاوازبێ‌، لەوانەشە نەگەڕێنەوە بۆ پیاوانی ئاینی نەجەف. چونكە مەڵبەندی مەرجەعیەتی مەزەبی شیعەی لای شەبەك گوندی دراوجە كە عەرەبەكان پێی دەڵێن (دەراویش)و لەلایەن (پیر)ەوە بەڕێوەدەبرێت، كە دەسەڵاتی ئاینی‌و دنیایی خۆی لەسەر سستمێكی تێكەڵاو لەرێنماییەكانی ئابرێشیاتی مەسیحی‌و پەرستگای یەزیدییەكان رێكخستوە، بەڵام مۆركێكی سەربەخۆی پێوە دیارە. شەبەكەكان بڕوایان زۆر بە ئیمامی عەلی چوارەم خەلیفەی موسڵمانان قایمە. 
سەرۆكی دەستەی راوێژكاری شەبەك سالم جومعە، لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لەساڵی (2003) تائێستا بەهۆی توندوتیژییەكانی عێراقەوە (1232) هاوڵاتی شەبەك كوژراون، لەکاتی دەست هرتنی داعش بەسەر موسلیشدا روبەڕوی پەلامارو کوشتاری ترسناک‌و روخاندن‌و تەقاندنەوەی نزرگە مێژوییەکانیان بونەوە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×