سه‌رۆكی ئێران مەرجێک بۆ "رێکكەوتنێکی باش" لە دانوستانی ئه‌تۆمی ئاشکرا دەکات
  2021-12-12       632       

سەرۆک کۆماری ئێران رایگه‌یاند، ئەگەر لایەنی بەرامبەر سور بێت لەسەر لابردنی سزاکانی سەر ئێران "رێککەوتنێکی باش" لە دانوستانە ئەتۆمیەکاندا ئەنجام دەدرێت.

ئاوێنە: ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران له‌باره‌ی دانوستانی ئه‌تۆمی رایگه‌یاند، "سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی ئامانجی ئابورین، ستراتیژییەتی ئەمریکا پاراستنی ئەو سزایانەیه‌ و مانه‌وه‌یانه‌ و ستراتیژی ئێرانیش ئەوەیە كاربكات بۆ به‌زاندنی سزاكان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ روبەڕوبونەوەی سزاکان بەشێکە لە ستراتیژیەتی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتەکەی خۆی و وتی، "دەقە پێشنیارکراوەکانمان لە گفتوگۆکاندا نیشانی داوە کە ئێمە جددیین لە دانوستانەکان و ئەگەر لایەنی تر سور بێت له‌سه‌ر واژۆكردنی رێککەوتنێکی باش".

ئیبراهیم رەئیسی وتیشی، "ئێران بە شانازی و به‌ هه‌مو تواناوه‌ بەشداری لە دانوستانەکانی ڤیەننا کرد"، جەختی لەوەشکردەوە، کە "دەکرێت رێککەوتنێکی باش لە دانوستانەکاندا واژۆ بكرێت، ئەگەر لایەنەکانی تر سوربن لەسەر هەڵگرتنی ئابڵۆقەی سەر گەلانی ئێران".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "هەندێک بانگەشەی ئەوەیان کردوە کە ئێران نیازی دانوستانی نییە، هەندێکی دیکەش بانگەشەی ئەوەیان کردوە کە ئێمە بەشداری دانوستانی جددی ناکەین یان هیچ پلانێکیشمان نییە، بەڵام ئێمە بە شانازی و لێهاتوییەوە بەشداریمان لە دانوستانەکان کردوە و پێشنیاری کرداریشیمان خستوه‌ته‌ڕو".

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×