ئەو كۆچبەرانەی لەسنوری لیتوانیا گیریان خواردوە دەگوازرێنەوە ڤیلینۆس
  2021-12-18       1618       

ئا: ئاوێنە


حكومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو كۆچبەرانەی لە سنووری لیتوانیا و بێلاڕووس گیریان خواردووە، دەگوازرێنەوە كۆمەڵگە نشینگەكان لە شاری ڤیلینۆس-ی پایتەختی لیتوانیا.

 

وەزارەتی كۆچبەرانی عیراق راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەنجامی سەردانی شاندی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ لیتوانیا كە بە ئامانجی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەو كۆچبەرانەی كە لە سنووری لیتوانیا و بێلاڕووس گیریان خواردووە ئەنجامی داوە، بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، شاندی حكومەتی عیراق لەگەڵ شاندی حكومەتی لیتوانیا، لەسەر ئەوە رێككەوتوون، ئەو كۆچبەرانەی لەسنووری لیتوانیا و بێلاڕووس گیریان خواردووە، بگوازرێنەوە كۆمەڵگە نشینگەكان لە شاری ڤیلینۆس پایتەختی لیتوانیا.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردوە، وەفدێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەردانی لیتوانیای كردوەو وێڕای كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەو وڵاتەو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سەردانی كەمپێكی كۆچبەرانی لەسەر سنوری لیتوانیاو بیلاڕوسیا كردوەو چاوی بە كۆمەڵێك كۆچبەری عێراقی كەوتوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، وەفدەكەی عێراق جەختی لەوە كردۆتەوە كە پێویستە بەشێوەیەكی مرۆیی مامەڵە لەگەڵ كۆچبەراندا بكرێت و سەرجەم پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكرێت بەتایبەت خواردن و خۆراك و پێداویستییە تەندروستییەكان.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، وەفدەكەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لەگەڵ لایەنی لیتوانی رێككەوتون كە كۆچبەرانی كەمپەكانی سەر سنور بگوازرێنەوە بۆ كۆمەڵگەی نیشتەجێبون لەنێو پایتەختی لیتوانیاو سەرجەم پێداویستییەكانی ژیان و گوزەرانیان بۆ دابین بكرێت.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە وەفدەكەی عێراق و لایەنی لیتوانی رێككەوتون لەسەر ئەوەی ئەو هاوكارییە داراییەی دەدرێنە ئەو كۆچبەرانەی كە بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق بڕەكەی لە 300 یۆرۆوە زیاد بكرێت بۆ 1000 یۆرۆ بۆ هەر كۆچبەرێك.

لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە ژمارەیەك كۆچبەر بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە و لەلایەن پۆلیسی پۆڵەنداوە رێگەی چوون بەرەو ئەورووپایان لێ گیراوە.

دوێنێ ھەینی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق راگەیاندبوو، تا ئێستا ١٠ گەشتی ئاسمانیی بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی كۆچبەران لە فڕۆكەخانەی منیسك بۆ فڕۆكەخانەكانی ھەولێر و بەغدا ئەنجامدراوە و ئاماژەی بەوەیشدابوو كە بە گشتیی لە میانی ئەنجامدانی ھەر ١٠ گەشتەكەدا، سێ ھەزار و ٨١٧ كۆچبەر لە بێلاڕووسەوە بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە.

گەشتە ئاسمانییەكان بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران لە ١٨ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، دەستیپێكردوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×