بەلەمێكی دیكە بە 80 كۆچبەرەوە لە ئیجە نوقمبو
  2021-12-25       702       

بەپێی ئاژانسی هەواڵی یۆنان، دوێنێ هەینی، بەلەمێكی دیكەی كۆچبەران لەیەكێك لە دورگەكانی ئەو وڵاتە لەنێو دەریای ئیجە بە 80 كۆچبەرەوە ژێرئاو كەوتوەو لە ئاكامدا 16 كۆچبەریان گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: ئاژانسەكە، ئەمڕۆ شەممە، بڵاویكردۆتەوە كە بەلەمەكە لە نزیك دورگەی پارۆس ژێرئاو كەوتوەو ئەو 16 كەسەی گیانیان لەدەستداوە، 12 پیاو، سێ ژن و منداڵێكن.

بەگوێرەی ئاژانسەكە، بەلەمەكە لانیكەم 80 كۆچبەری تێدابوەو لەوانە 63 كۆچبەرییان رزگاركردون كە 61 پیاو و دو ئافرەتن و سەرجەمیان گوازراونەتەوە بۆ بەندەری پارۆس.

وتوشیەتی، گەڕان لەناوچەكە بەدوای بێسەروشوێنان بەردەوامە.

بەلەمی كۆچبەرەكان لە توركیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێكەوتوە.

ئەوە سێیەم بەلەمی كۆچبەرانە لەماوەی سێ رۆژی رابردودا لەنێو ئاوە دەریاییەكانی یۆناندا ژێرئاو دەكەوێت.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، تەرمی 11 کۆچبەری بەلەمێکی دیکەی نقومبوی نزیکی دورگەی ئەنتیکیسیێرای یۆنان دۆزرابونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە بەلەمەکە خۆی بە ژمارەیەک بەرددا کێشابو و ژێرئاوکەوتبو.

 90 کۆچبەری نێو بەلەمەکە پەنایان بردبوە بەر تاشەبەردەکانی دورگەکەو لە لایەن پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنانەوە رزگارکران.

 رۆژی چوارشەممە، بەلەمێکی دیکەی چوپ لە نزیک دورگەی فۆلێگاندرۆس نقومبو و لانیکەم سێ کۆچبەر خنکان.

13 کۆچبەری دیکەی نێو بەلەمەکە رزگارکران، بە گوێرەی بەرپرسانی یۆنان زیاتر لە 30 کەسی دیکە بێ سەروشوێنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×