ئێران بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل: ئێوە دووجار سولەیمانی-تان کوشت
  2022-01-03       611       

 ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا، ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەکانی لە ئیسرائیل و ‏ئەمریکا دەستپێکردەوە و بەهۆی سانسۆرکردنی پۆستەکانی تۆڕە كۆمەڵایەتییە جیهانییەکان ‏لەبارەی سولەیمانی-یەوە، ئێران دەڵێت، “دووجار قاسم سولەیمانی تیرۆرکراوە”.‏

ئاوێنە: بەهۆی سڕینەوەی سەدان پۆست لەبارەی قاسم سولەیمانییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‏ئینستگرام، دەستەی مافی مرۆڤی ئێرانی دەڵێت، “دوای تیرۆری جەستەیی قاسم ‏سولەیمانی، سانسۆرکردنی وێنە و پۆستەکان لەبارەی ئەوەوە، تیرۆری گریمانەیی ‏سولەیمانی بوو”.‏

دەستەکە داوای لە ئێرانییەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، بێدەنگ نەبن ‏لەو کردەوەیەی لە دژیان ئەنجامدراوە و سکاڵابکەن، ئەمە جگە لەوەی ئەو هەنگاوەی بە ‏کوشتنی بۆچوونی ئێرانییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییەوە وەسفكردووە.‏

لە دووەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە ‏سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ‏ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەکانی لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا دەستپێکردەوە و دەڵێت، ‏‏”خوێنی ئەو دوو سەرکردە شیعەیە بەهەدەرناچێت”.‏

پێشتر عەلی خامنەیی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەبارەی کوشتنی قاسم ‏سولەیمانییەوە ڕایگەیاندبوو، “دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی لە شەهیدکردنی سولەیمانیدا ‏پشکی گەورەیان بەرکەوتووە و ترەمپ دەبێت باجی ئەوە بدات”.‏

بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە بەسەر ئاراستەی شیعە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کوشتنی ‏قاسم سولەیمانی و یادەکەی، کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیسی وەک سەرکردەیەکی شیعەی ‏عێراق شاردووەتەوە و لەو یادەدا زیاتر باسی قاسم سولەیمانی دەکرێت.‏

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×