ئا: ئاوێنە
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بڕیارێكی خستەبواری جێبەجێكردنەوەو بەپێی بڕیارەكە بارگرانیەكی دیكە بۆ سەرشانی شۆفێران و هاوڵاتیان دروست بووەو ئەم هەنگاوەش ناڕەزایی لێکەوتوەتەوە.
فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕاگەیاند: لەڕۆژی 2022/1/3ڕێنمایی ژمارە(3)ی سالی2021ی وەزارەتی ناوخۆی تایبەت بەڕێنمایی ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكانی هاوردەكردن وگواستنەوەو فرۆشتنی ئوتومبێل كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەروەها ووتیشی: بەپێی بڕیارەكە لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بڕی 25 هەزار دینار بۆ گرێبەستە ئەلیكترۆنیەكە لە شۆفێران وەردەگیرێت و پێشتر ئەو بڕە پارەیە وەرنەدەگیرا.
خاوەنی پێشەنگایەك ئاماژه بهوه دهكات ئەوەی ئێستا دهگوزهرێت تەنها لە زیانی هاوڵاتیاندایە و زیادكردنی بڕێكی دیكەی پارەیە لەسەر هاوڵاتیان ، ئێمە وەكو پێشەنگاكان لەكاتی كرین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا گرێبەستی خۆمان هەیە و بڕی دیاریكراو وەردەگرین.
لێسهندنی بڕی 25 ههزار بۆ عهقدی ئهلیكترۆنی له لایهن حكومهتهوه لهكاتێكدایه لە كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بۆ ئۆتۆمبێلی بچوك لەبەرانبەر گرێبەستە ئەلیكترۆنیەكە بڕی 100 دۆلار و بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە بڕی 200 دۆلار وەردەگیرێت و دەبێت هەر هاوڵاتیەكیش جگە لەو پارەی گرێبەستانە بڕی 25 هەزاری دیكەش بداتە هاتوچۆ بۆ گرێبەستی ئەلیكترۆنی.
بهوهش لهكاتی كڕینی ئۆتۆمبیلدا دهبێت جگه لهو بڕهپارهیهی له پێشهنگای ئۆتۆمبیل لێت وهردهگیررێت كه بهشێكی بۆ حكومهته دهبێت 25 ههزاریش بدهیت به حكومهت .
ئەم بڕیارە بوە هۆی ناڕەزایی بەشێك لەخاوەن پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەهەولێرو دژی بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێم لەبارەی گرێبەستی ئەلیكترۆنی گردبوونەوە.
دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێم بڕیاریدا لەسەر ئەوەی لەكاتی تۆمار كردنی ئۆتۆمبێلدا دەبێت گرێبەستی ئەلكترۆنیان پێبێت، بەشێك لەخاوەن پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دژی بڕیارەكە گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و شەقامی 100 مەتری هەولێریان داخست.
ئەو خاوەن پێشانگایانە دەڵێن، بڕیارەكە كێشەی زۆری تێدایە بۆ ئەوان چونكە ناكرێت خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلەی دەكڕدرێت ئامادە بێت، ئەگەر بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت كاروكاسبی دەوەستێت، بۆیە ناكرێت لەو ماوەیەدا خاوەنی ئۆتۆمبێل ئامادە بێت.
دەشڵێن، بڕیاری بەئەلیكترۆنیكردنی گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بۆ خاوەن پێشانگاكان كێشە دروست دەكات، بەتایبەت بۆ بەناوكردنی ئۆتۆمبێلەكە كە پێشتر لەكڕین و فرۆشتندا كارئاسانی بۆ خەڵك دەكرا بۆیە بڕیارەكە رەتدەكەنەوە.
جەختیش لەوە دەكەنەوە، ناتوانن بڕیارەكە جێبەجێ بكەن و لەبەرژەوەندی خەڵك نییە و ناكرێت بۆ كڕینی هەر ئۆتۆمبێلێك 100 دۆلار بدرێتە خاوەن پێشانگا و 25 هەزاریش بدرێتە هاتووچۆ.
هاوکات بەشێک لەپاریزەرانیش گرێبەستی ئەلکترۆنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلو ماتۆرسکیل بەهەنگاوێكی نایاسایی ناودەبەن.
پارێزهر چۆمان محەمەد لەمبارەوە رایگەیند ئاشکرایە لەژیانی ئێستاماندا كێشەگەلێک ڕوبەڕوی هاوڵاتیان دەبێتەوە لەباری تۆمارنەكردنی لەهاتوچۆ یاخود مردنی فرۆشیار یاخود ئامادەنەبونی فرۆشیار بۆ تحویل كردنی. بەم دواییانەش وەزارەتی ناوخۆ ڕێگەیەکی نوێی گرتۆتەبەر وەک دەرەچەیەک وەك لەڕونکردنەوەی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێردا هاتووە ئەو چەندین کێشەی بەرۆكی هاوڵاتیانی گرتووە چارەسەری دەكاتو لەلایەکی تریشەوە ئاسانکارییە بۆ خەڵكی. بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیربێت ئەم بڕیارە چەند كێشەو کەموکوڕییەکی ھەیە لەڕوی یاساییەوە کە خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە، چۆمان دەڵێت "ئەم بڕیارە پێچەوانەی مادەیەكی روون و ئاشكرای یاسای هاتوچۆی بەركارە لە هەرێم چونکە چۆن دەكرێت بەڕێنماییەک کارکردن بەیاسای ژمارە ۸٦ ی ساڵی ۲٠٠٤ بوەستێنرێت، چونکە لەیاساكەدا بەڕوونی باسی كڕین و فرۆشتنی بەردەم ئەفسەری هاتوچۆ دەكات دەبێت فرۆشیار خۆی یاخود بریكاری ئامادە ببێت. بۆیە ئەم هەنگاوە دەكرا لەهەمواری یاسای هاتوچۆ یاخود دەرچواندنی یاسایەكی نوێ جێگیر بكرێت".
دەشڵێت "بەداخەوە ڕێزگرتن لەیاساو دامەزراوەی پەرلەمان لەقۆناغێکی خراپدایە، دەنا وەزارەتی ناوخۆ چلۆن ھەنگاوێکی لەم چەشنە دەنێت بەبێ پەرلەمانی کوردستان!".