هیومان رایتس ۆوچ: ساڵی رابردو دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام بون لەسەر سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان
  2022-01-14       473       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان، رایگەیاند، دەسەڵاتی هەواڵگری و دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە ساڵی 2021دا بەردەوام بون لەسەر سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی خەڵك و هەروەها دەسەڵاتی تەشریعی ئەو وڵاتە چەند یاسایەكیان دەركردون یاخود خەریكی گفتوگۆكردنیانن كە زیاتر لە رابردو پێشێلی مافەكانی مرۆڤ دەكەن.

ئاوێنە: رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ لە راپۆرتەكەیدا كە دوێنێ بڵاوكراوەتەوەو هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە 100 وڵاتی جیهاندا لەخۆدەگرێت رایگەیاندوە، لەماوەی سێ ساڵی رابردودا، هێزە ئەمنییەكانی ئێران، بەبەكارهێنانی ئامڕازی پەڕگیرو هێزی كوشندە روبەڕوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەكانی خەڵكی ئەو وڵاتە بونەتەوەو هەزاران خۆپیشاندەریان دەستگیركردون و دەسەڵاتدارانی ئێران لێپێچینەوەی یاسایی و زیندانیان وەك ئامڕازێكی سەرەكی بۆ بێدەنگكردنی نەیاران و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ بەكارهێناوەو هیچ خواستێكیشیان نیشان نەداوە بۆ لێپێچینەوە لەو پێشێلكارییە گەورانەی بەرامبەر بە مافەكانی مرۆڤ ئەنجام دراون.

مایكڵ پەیج، جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوەكە رایگەیاندوە، سەركوتكردنی ناڕەزاییەكانی خەڵك بۆ داواكردنی مافە مەدەنی، سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و كولتورییەكان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، دەبێتە مایەی زیان بۆ سەرتاسەری وڵاتەكەو گۆڕینی ئەو رێڕەوە پێویستییەكی خێراو حەتمییە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەداوە كە دۆخی ئابوری ئێران بەهۆی سزاكانی ئەمریكاو بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا رۆژ بە رۆژ خراپتر بوەو حكومەتی ئەو وڵاتە لە ئیدارەدانی پرسی كۆرۆنادا خراپ بوەو پرسەكەی بە سیاسی كردوە بەتایبەت لە پلانیدا بۆ كۆڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا لە مانگەكانی سەرەتای ساڵی رابردودا كە بەشێوەیەكی سست و ناشەفاف ئەو كارەی كردوە.

هەروەك راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ دەستگیركردن و دەركردنی سزای زیندانی لە ساڵی رابردودا بۆ چەندین چالاكوان و داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران كردوە بە چەندین تۆمەتی جیاجیا لەوانە "پڕوپاگەندە دژی رژێمی سیاسی" وڵات.

 لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا، هیومان رایتس ۆوچ هێمای بۆ ئەوە كردوە كە تاوەكو ئێستا لێكۆڵینەوەكان لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە، بەنهێنی بەڕێوەدەچن و خێزانی قوربانییەكان جگە لەهەندێك زانیاریی كەم، هیچ شتێكیان لەوبارەیەوە پێ نەگەیشتوە.

هەروەها هێمای بۆ چەند یاسایەك كردوە كە لە ساڵی رابردودا لەلایەن دەسەڵاتی تەشریعی ئێرانەوە دەركراون یاخود گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە، كە بەبڕوای رێكخراوەكە ئەو یاسایانە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران زیاتر دەكەن لەوانە ئەو پڕۆژە یاسایەیە كە پەرلەمانی ئێران كاری لەسەر كردوە بۆ زیادكردنی سنورداركردنی ئینتەرنێت لە وڵات.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەداوە كە هێشتا ئێران یەكێك لەو دەوڵەتانەی لەسەر ئاستی جیهان كە زۆرترین سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەكات و ئاشكراشیكردوە كە لە ساڵی رابردودا تاوەكو 8ی تشرینی دوەمی هەمان ساڵ لانیكەم 254 كەس لە ئێران لە سێدارەدراون، كە حەوتیان پەیوەندییان بە تۆمەتی "تیرۆر"ەوە هەبوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×