بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنیی ڕوسیاوە ناتۆ پەرە بە پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆکرانیا دەدات
  2022-01-14       424       

ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکەیان ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئۆکرانیا واژووکردووە بۆ پەرەپێدانی پاڵپشتییەکانی بۆ ئەو وڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.

ئەمڕۆ هەینی حکومەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە پێگە ئەلیکترۆنییەکانی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرشێکی دزەکردنی زانیاریی گەورە بووەتەوە، ئەو لێدوانەی حکومەتی کیێف ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەوروپا و ڕوسیای زیاتر کرد.

لەوبارەیەوە یەنیس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ وتی، ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئۆکرانیا مافی تەواو دەدات بەو وڵاتە بۆ سودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ناتۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو “هێرشە پیسانە”.

ئەمڕۆ وەزارەتی پەرورەدە و زانستی ئۆکرانیا لەسەر پێگەکەی خۆی بڵاویکردەوە کە بۆ ماوەیەکی کاتی پێگەکەیان دادەخەن بەهۆی ئەوەی ڕووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی بووەتەوە، هەروەها ژمارەیەک وەزارەتی دیکەش هەمان هەواڵیان بڵاوکردەوە.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئێوارەی ئەمڕۆ جەختیکردەوە کە هێرسە ئەلیکترۆنییەکانی سەر دامەزراوەکانی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە ئەنجامدراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×