ئەوروپا لە بەردەم شەڕێکی گەورەدا!
  2022-01-24       2391       

دانا حەمە عەزیز



ڤلادیمیر پوتین ی سەرۆکی ڕوسیا هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات. زیاتر لە سەد هەزار سەربازی لە سەر سنورەکانی ئۆکرانیا لە خۆرهەڵات و باکورەوە کۆکردۆتەوە، هەزاران تانک و زرێپۆش و تۆپ و موشەك هاوێژ و تەنانەت (چەکی ستراتیجیی)شی هێناوەتە ئەم ناوچانە و بە ئاشکرا هەڕەشەی داگیرکردنی ئۆکرانیا دەکات. دەستدرێژیی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەشت ساڵە دریژەی هەیە و تیایدا نیمچە دورگەی کرایمیا و چەندین ناوچەی لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا داگیرکردوە.


ئۆکرانیا هیچ مەترسیەکی بۆسەر ڕوسیا دروست نەکردوە، بەپێچەوانەوە پەیوەندی مێژویی هاوبەش، کەلتور و تەنانەت ڕەگەز و زمانی هاوبەش، ڕوس و ئۆکرانیەکان بە توندی بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بۆیە لەباشترین بەراوردا، دەستدرێژیی سەربازیی ڕوسیا بۆسەر ئەم وڵاتە (کە تازە ئەکەوێتە سەرپێی خۆی)، لە دەستدرێژیەکەی سەدام ئەچێت بۆسەر کوەیت.
ئۆکرانیا بەدەسەڵات ترین کۆماری یەکێتی سۆڤێت ی جاران بوو، زیاتر لە ١٩٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی سۆڤێت لە ئۆکرانیا جێگیر کرابوو، بەڵام بەپێی یاداشتنامەی بوداپست ی ١٩٩٤، ئۆکرانیا سەرجەم بۆمبەکانی ڕادەستی ڕوسیا کرد لەبەرامبەر مەرجی زامنکردنی سنور و سەروەری وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکا و روسیا وە.
ئۆکرانیا وڵاتێکی گەورە و ستراتیجیی ئەوروپایە، هێرشکردنە سەر ئەم وڵاتە، دەستدرێژی یە بۆسەر ئاسایشی ئەوروپا و جیهان. بەڵام لەجەنگێکی وادا، خودی ڕوسیا زەرەرمەندی یەکەم دەبێت. جگە لە دەرئەنجامە سەربازییە کاولکاریەکانی ئەم شەڕە، ئابوری و خەڵکی هەژاری ڕوسیا بەرگەی ئابڵوقەی ئابوری گشتگیری ئەمریکا و ئەوروپا ناگرن. هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەر بچوکترین هەنگاوی سەربازی پوتین دژی ئۆکرانیا، جدی و مەترسیدارە بۆ سەر ڕوسیا. نازانرێت کاردانەوەی سەربازیی ناتۆ چی دەبێت، بەڵام بەپێی زانیاریە دزە پیکراوەکانی لەندەن، ناتۆ بێدەنگ نابێت، لە ڕوی ئابوریشەوە وەك جۆ بایدن بە ڤلادیمیر پوتین ی وت "ڕوسیا باجێکی هێندە قورس ئەدات کە هەرگیز پێشبینی نەکردبێت".
بەپێی ئەو پلانەی ئەمریکا دایڕشتوە، ڕوسیا لە بازنەی دامەزراوەی بانکیی و دارایی نێودەولەتی بەتەواوی دەکرێتە دەروە، توانای گۆرینەوەی رۆبڵ ی نابێت بە دۆلار و دراوی قورسی تر. لە ڕوی تەکنۆلۆجیی و زانستیی یەوە بە چەشنی سۆڤێت ی جاران توشی گەورەترین پاشەکشە دەبێت، بێبەش دەکرێت لە دەستگەیشتن بە تەکنۆلۆجیای ئەلکترۆنیی و تەندرەستی و هەموو جۆرە پیشکەوتن و ئەپدەیتێکی زانستیی.
ڕوسیا خاوەنی گەرەترین ڕوبەری زەوی یە لەسەر گۆی زەوی، کە زیاترە لە حەڤدە ملیۆن کیلۆمەتردوجا واتە نزیکەی دوو ئەوەندەی وڵاتی چین، هەروەها خاوەنی گەورەترین هەناردەی سوتەمەنی و دانەوێڵەیە لە جیهاندا، لە کاتێکدا دانیشتوانەکەی تەنها ١٤٥ ملیۆنە. بەڵام دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مۆسکۆ، شکستی هێناوە لە فەراهەمکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكەکەی، کۆمەڵگەی روسیی بەتایبەتی لەدەرەوەی شارە گەورەکان، بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، زاوزێ لە زۆر ناوچە وستاوە و ساڵانە ژمارەی دانیشتوان لە کەم بوندایە. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد و کرانەوەی جیهان بە رویدا، روسیا دەرفەتیکی گەورەی بۆ هەڵکەوت بۆ ئەوەی ببێت بەبەشێك لەو هەنگاوە گەورەیەی مرۆڤایەتی نای لەڕوی پێشکەوتنی زانستیی و پیشەسازیی مرۆیی دا. بەڵام سیستەمی سیاسی مۆسکۆ، بەرەو دیکتاتۆریی ڕەها ملی نا، لەجیاتی چاکسازیی ئابوریی و هاوبەشیکردن لە پرۆسەی پێشکەوتنی جیهان بەتایبەتی خۆرئاوا و چین، سەرقاڵی نمیاشی چەك و هێزی سەربازی و پشتیوانیکردنی ڕژیمە دیکتاتۆرەکانی دراوسێی بو. پوتین، توانا مرۆیی و سروشتیەکانی ئەم وڵاتە مەزنەی لە خۆ پڕچەککردن و هەڕەشەی سەربازیدا کورت کردۆتەوە. ئێستا پوتین، بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت کە باکی بە ئاسایشی ئەوروپا و خودی روسیاش نی یە و ڕێز لە سنوری نێودەوڵەتی یەکان و لە یادشتنامەی بوداپست ناگرێت.
مەترسیەکی گەورەیە دەسەڵاتی روسیا کە خاوەن گەورەترین عەمباری چەکی کۆمەڵکوژە، بکەوێتە دەست یەك کەس کە شانازیی بەخۆیی و بە جەنگەوە بکات، ئاخر لە سەردەمی یەکێتی سۆڤێتیشدا(دوای ستالین)، هێشتا بڕیارەکانی کرملن بە جۆریك لە ڕاوێژکردن بوو لەنێوان ئەندامانی سۆڤێتی باڵادا. ئێستا بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنها لە دەستی پوتین دایە، هەرچەندە ئەو دەڵێت بەتەمای هێرشکردن نیە بۆسەر ئۆکرانیا، بەڵام هیچ ئومێدێك نیە ئەم هێزە گەورەیە بەبێ دەسکەوتی سەربازیی و دیپلۆماسی، لەسەر سنور ی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە. مەرجی پوتین بۆ ئەمریکا و ئەوروپا ئەوەیە کە نە لە ئێستا و نە لە ئایندەدا نابێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ! ئەمریکا، ئەم مەرجەی پوتین کە دژی یاساکانی نەتەوەیەکگرتوەکانە، بەتوندی ڕەت دەکاتەوە. بۆیە هێشتا ئەوروپا لەبەردەم مەترسی شەڕێکی گەورەدایە، کە ئەگەر ڕوبدات، ئاسایشی تەواوی جیهان دەکەوێتە مەترسی یەوە!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×