دادگای فیدڕاڵی سكاڵاكەی دژ بەدانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕەتكردەوە
  2022-01-25       538       

دادگای باڵای فیدڕاڵی، سكاڵای سەر دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕەتكردەوە و دەڵێت، سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنەكە لەلایەن پەرلەمانتار خالد دەراجی-یەوە پێچەوانەی ئەحكامی دەستور نییە.

ئاوێنه‌: دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمڕۆ لەمیانەی دانیشتنێكدا ئەو سكاڵایەی ڕەتكردەوە كە لەسەر نادەستوری بونی دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆماركرابو، دادگاكه‌ ڕایگه‌یاند، سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنی یەكەم لەلایەن پەرلەمانتار خالد دەراجی پێچەوانەی ئەحكامی دەستور نییە.

دادگا بڕیارەكەی پێشوی خۆشی دەربارەی هەڵپەساردنی كاتی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەتكردەوە و دووپاتیكردەوە، مەشهەدانی ناتوانێت بەردەوامبێت لەئیدارەدانی دانیشتنی یەكەم، پاش ڕاگەیاندنی خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران.

دوای ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە ٩ی ئەم مانگە ئەنجام درا و تیایدا، محەمەد حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان و حاکم زاملی لەفراکسیۆنی سەدر بەجێگری یەکەم و شاخەوان عەبدوڵا لەفراکسیۆنی پارتی بەجێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردران.

دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، باسم خەزعەل خەشان ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمان بە پاساوی ئەوەی کە دانیشتنەکە و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی نایاسایی بوون سکاڵای لە دادگا تۆمارکرد.

لە ١٣ی ١دا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، کارەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەشێوەیەکی کاتی، رابگرێت.

لە ١٩ی ١دا، دادگای باڵای فیدراڵی دانیشتنی تێڕوانینی لەتانەکانی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەنجامدا، بەڵام بڕیاردانی لەبارەی تانەکانەوە بۆ ئەمڕۆ دواخست و بڕیاری یاسایی بوونی دانیشتنەکەیدا. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×