ئەمەریكا: خەریكە كاتی دانوستاندنی ئەتۆمی ئێران تەواو دەبێت
  2022-02-01       463       


ئەمریکا ئاشكرای دەكات، خەریکە کاتی دانوستاندنەکانی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کۆتایی دێت، بۆیە  داوا  لە تاران دەکات رەزامەندیی بۆ دانوستاندنی راستەوخۆ پیشانبدات تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک.

ئاوێنه‌: رۆژی دووشەممە 31-1-2022 بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند: پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لەدەست دەردەچێت و نزیکبووەوە لە توانای چەکی ئەتۆمی و دەشڵێت، تەنیا "چەند هەفتەیەک" ماوە بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێک بۆ ئەوەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران سنوورداربکرێت و سزاکانی سەری سووک بکرێن.

بەرپرسەکە وتیشی لە گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان "ئێستا لەو کاتەداین کە پێویستە هەندێک لە گرنگترین بڕیارە سیاسییەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بدرێن".

ئەو بەرپرسە وتی پڕۆگرامیی ئەتۆمیی ئێران زۆر نزیک بووەتەوە لە بەرهەمهێنانی بڕی پێویستی ماددەی تەقەمەنیی بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆم. بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەکی هاوبەش لە نێوان ئێران و وڵآتانی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی، پێشنیاز دەکات ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی "راستەخۆ" واتە بێ نێوەندگیر کۆببنەوە.

وتیشی کە هەر لە سەرەتاوە راوبۆچوونی ئەوان ئەوە بووە کە ئەوان ئامادەن لەگەڵ ئێران کۆببنەوە "ئەگەر ئێران ئامادەبێت لەگەڵمان  کۆببێتەوە". 

 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×