ئا: ئاوێنە
نوسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگهیاند، لێکۆڵینەوە لە کەیسی دۆسکی ئازاد دەستیپێکردوە و تۆمەتبار بڕیاری دهستگیركردنی بۆ دەرچوە.
نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهمڕۆ پێنجشهممه لهراگهیهندراوێكدا لهبارهی كوژانی دۆسکی ئازاد رایگهیاند، لێکۆڵینەوە لە کەیسی دۆسکی ئازاد دەستیپێکردوە و تۆمەتبار بڕیاری دهستگیركردنی بۆ دەرچوە.
31ی مانگی رابردو، بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە بونی تەرمێک ئاگادارکرایەوە، کە هی کەسێک بو بە ناوی دۆسکی ئازاد، کە پێشتر ڕەگەزی خۆی بۆ رەگەزی مێ گۆڕیبو.
نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لهوهكردوه، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و وتەی ئەندامانی خێزانی ناوبراو، دەریانخست کە دۆسکی ئازاد لەلایەن برایەکی خۆیەوە کوژراوە و تەرمەکەی بەر لە چەند رۆژێک لە دۆزینەوەی لە نزیک گوندێک لە شاری دهۆک فڕێدراوە".
ئهوهش خراوهتهڕو، پۆلیسی دهۆک و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاستەوخۆ پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان کردوهتەوە و تۆمەتبار بە گوێرەی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی (کوشتنی ئەنقەست) بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی دهۆکەوە بۆ دەرچوە.
نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دهڵێت، "دەزگا ئەمنییەکان ناوی تۆمەتبارەکەیان لە تەواوی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنورییەکان بڵاوکردوهتەوە و بەدواداچون و لێکۆڵینەوە بەردەوام، بەڵام تەرمی دۆسکی ئازاد دوای دەرچونی تۆمەتبارەکە لە وڵات دۆزراوەتەوە".
بهپێی راگهیهنراوهكه، تۆمەتبار هەشت ساڵە هەرێمی کوردستانی جێهێشتوە و لە یەکێک لە وڵاتە ئەوڕوپیەکان نیشتەجێیە، لە نێوان 17 بۆ 18ی مانگی (12)ی 2021 گەڕاوەتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانکارییە.
نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رونیشیكردوهتهوه، "سەرەڕای ئەوەی هەندێک دیاردە هەن کە پێچەوانەی یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانن، بەڵام ئەم دیاردانە دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و دادگاکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، هەرێمی کوردستان هەر شوێنێکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ پڕاکتیزەکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان".