بایدن ستایشی رۆڵی هەسەدە دەكات لە سەرخستنی ئۆپەراسیۆنی كوشتنی رێبەری داعشدا
  2022-02-03       890       

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی كوشتنی رێبەری داعش لە باكوری سوریا، ستایشی هێزەكانی سوریای دیموكرات كرد لەپێناو سەرخستنی ئۆپەراسیۆنەكەدا راشیگەیاند، ناوبراو بەرپرسی هێرشەكەی سەر گرتوخانەی غوێران بوە لە حەسەكەو دەشڵێت، لەگەڵ هێزەكانی عێراق، هەسەدەو پێشمەرگە بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ دەستەبەركردنی پاراستنی وڵاتەكەمان.

ئاوێنە: جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، كوژرانی ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی، رێبەری داعشی لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانی وڵاتەكەیدا لە باكوری سوریا راگەیاند.

ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە

دوای بەدوای ئەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرۆكی ئەمریكا لە وتەیەكدا رایگەیاند، هەوڵگری ئەمریكا بۆ ماوەی چەند مانگێك لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات كاری كردوە لەپێناو سەرخستنی ئۆپەراسیۆنەكەداو لەوبارەیەشەوە ستایشی هێزەكانی سوریای دیموكراتی كرد.

بایدن ئاماژەی بەوەشدا كە رێبەرەكەی داعش لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا "كارێكی ترسنۆكانە"ی ئەنجامداوەو خۆی تەقاندۆتەوەو بەوهۆیەوە چەند كەسێك لە ئەندامانی خێزانەكەیشی كوژراون.

جەختیشی كردەوە كە كوشتنی ناوبراو پەیامێكی رونە بۆ تیرۆریستان كە "لە هەر كوێ بن شوێن پێیان هەڵدەگرین و دەیاندۆزینەوە."

هەروەها سەرۆكی ئەمریكا وتیشی"كاردەكەین لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی سوریای دیموكرات و پێشمەرگە بۆ دەستەبەركردنی پاراستنی وڵاتەكەمان."

هەروەك ئەوەشی ئاشكراكرد، كە قوڕەیشی بەرپرسی هێرشەكەی ئەم دواییەی گرتوخانەی غوێران بوە لە حەسەكە.

هەروەك ئاماژەی بەوەشدا كە رێبەرەكەی داعش لە ساڵی 2014 لە عێراق لەپشت كوشتاری ئێزیدییەكان بوەو هەزاران ژن و منداڵی كردۆتە كۆیلەو دەستدرێژی كردونەتە سەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×