خەلیفە کوژراوەكەى داعش کێ بوو؟
  2022-02-04       709       

لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢١ وەک جێگرەوەی خەلیفەی داعش ناوی بڵاودەبێتەوە، ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردن بوو هیچ یەک لە هەواڵگری ئەمەریکا و عێراق زانیاری ئەوتۆیان لەسەر نەبوو.

رۆژی ٣/٢/٢٠٢٢، سەرۆکی ئەمەریکا “جۆ بایدن” کوشتنی قوڕەيشی لە چوارچێوەی کردەیەکی سەربازی سوپای ئەمەریکا لە باکوری سوریا راگەیاند.
لە راگەیەندراوی کۆشکی سپی لە زاری بایدن بڵاوکرایەوە ” هێزەکانی ئەمەریکا شەوی رابردوو لە ژێر چاودیریم توانیان کردەیەکی سەربازی بۆ رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر لە باکوری سوریا ئەنجام بدەن، ئەویش لە پێناو پاراستنی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی، و بۆ ئەوەی وا بکرێت جیهان پارێزراوتر بێت”

هەروەها “بایدن” ووتی:
( با ئازایەتی و لێزانی هێزە سەربازیەکانمان توانیمان کۆتایی بهێنین بە “ئەبو ئیبراهیم هاشمی قورەيشی” ئەمیری داعش)
پەیوەست بەو کردە سەربازیە سەرۆکی ئەمەریکا سوپاسی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” کرد کە لەو ئۆپراسیۆنە هاوکاری هێزە سەربازیەکانی ئەمەریکایان کردووە.

“پرۆفیسۆری وێرانکەر”

ئاژانسی فرانس پرێس زانیاری زیاتر لەسەر خەلیفەی داعش بڵاوکردۆتەوە بەوەی ناوی تەواوی ئەبو ئیبراهیم بریتی بوو لە (ئەمیر محەمەد سەعید عەبدوالرحمان الموالی) و هەڵگری چەندین نازناو بووە لە هەر بەناوبانگەکان ” پرۆفیسۆر، ویرانکەر”
غین فیین بیلیو، چاودێری سیاسی لە زانکۆی ساینس لە پاریس دەڵێت:
ئەمیرە کوژراوەکەی داعش سەرکردایەتی هەڵمەتی داعشی کردووە بۆ کۆمەڵکووژی ئێزیدیەکان لە عێراق، لە هەڵمەتەشی پەنای بردووە بۆ “سەربڕین و ڕاگواستن و

بە کۆیلەکردنی ژنان”
ئەمیرە کوژراوەکەی داعش ساڵی ١٩٧٦ لە شارۆچکەی تەلەعفەر لە خیزانیکی تورکمانی لە دایکبووە، ئەو شارۆچکەی کە ٧٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای موسڵ دوورە.
زۆر جارە پاش ناوی خۆی وەک قوڕەیشی لە شوێنی قڕشی بڵاوکردۆتەوە تا سۆزی چەکدارانی داعش بۆ لای خۆی رابکێشێت، چونکە ئەو بە یەکێک لەو سەرکردانەی داعش هەژمار دەکرێت کە لە نەتەوەی عەرەب نەبێت بگاتە ئەو پۆستە.
ئەبو ئیبراهیم، دەرچووی کولیژی زانستی ئیسلامی بووە لە زانکۆی موسڵ، لەسەردەمی رژێمی سەدام دەبێتە سەرباز لە ریزەکانی سوپای عێراق، تا ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک سوپای عێراق هەلدەوەشێتەوە ئەو دەچیتە ریزەکانی ئیسلامیە توندڕەوەکان و شەڕی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات، بەرپرسیارەتی جیاجیای پیدەسپیردرێت لە ریزەکانی رێکخراوی قاعیدە.

ساڵی ٢٠٠٤ لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکا دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە زیندانی بۆکا لە عێراق، لە زیندان پەیوەندی دەکات بە ئەبوبەکرد بەغدادی.
دوابەدوای ئازادکردنیان لە زیندان لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی لە ساڵی ٢٠١٠ بەرپرسیارەتی لقی عێراقی رێکخراوی قاعیدە لە ئەستۆ دەگرن، لە قاعیدە جیادەبنەوە و (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق) دادەمەزرێن و دواتر سنوری خەلافەتەکەیان فراوان دەبێت و ناوی ریکخراوەکە دەگۆڕن بۆ ( دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) “داعش”

ساڵی ٢٠١٤، موالی لە شاری موسڵ بە نهێنی چاوی دەکەوێت بە ئەبوبەکرد بەغدادی پەیمانی پشتیوانی پێدەدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری موسڵ.
خەلیفە کوژراوەکەی داعش، بەهۆی توندڕەوی و هەلسوکەوتە درندانەکەی متمانەی زۆری چەکدارانی داعس بەدەست دەهێنێت، بە تایبەت دوای ئەوەی رووبەڕووی نەیارانی بەغدادی دەبێتەوە لە نێو ریکخراوی داعش.چاودێران پێیانوایە موالی لەم دواییە لە هەوڵی خۆسەپاندنی دابووە لە نێو رێکخراوی داعش بە مەبەستنی رێکخستنەوەی داعش کە بەم دواییە رێکخراوەکە هێزی جارانی نەمابوو بەراورد بە سەردمی زێڕینی (٢٠١٤-٢٠١٩).

ئەبو ئیبراهیم، لە رێگەی هەلکوتانە سەر زیندانی داعش لە حەسەکە دەیویست سیناریۆی زیندانی ئەبوغرێب و تاجی ساڵی ٢٠١٣ دووبارە بکاتەوە، بەڵام کاتێک لە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” شکست بەو هەوڵەدەدرێت و ژمارەیەکی دیار لە سەرکردەی داعش و چەکدارانیان دەکوژرێن ئیتر نۆرەی ئەمیرەکەی داعش دێت کە بکوژرێت، ئەو پلانەی کە دەمێکە ئەمەریکا بە هاوکاری هەسەدە کاری بۆ دەکات وەک خۆیان باسیان لیوەکردووە.
کوژرانی دووەم ئەمیری داعش لە سنووری هێزەکانی سەر بە تورکیا

دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٩ ئەبوبەکر بەغدادی لە شاری ئیدلبی ژیر دەستەی سوپای سوریای ئازادی سەر بە تورکیا کوژرا، وا جارێکی دیکە جێگرەوەی لە هەمان ناوچە دەکوژرێت، ئەوەیان ئەو راستييەمان بۆ دەسەلمێنێت کە هیج جیاوازیەک نیيە لە نێوانی داعش و سوریای ئازاد و احرار اڵشام و کەتیبە و هێزەکانی دیکەی سەر بە تورکیا.

ئا: هیوا سەید سەلیم
سەرچاوە:
– کەناڵی الحرة
– الجزیرة

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×