وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەهەر هەوڵێک بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی بەتورکیاو ئەو هەوڵانەی بۆ جوانکردنی وێنەی ئەنکەرە لای بڕیاربەدەستانی ئەمریکا دەدرێت، نزیکەی 50 کۆنگرێسمانی ئەمریکا داواکارییەکی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردوەو تێیدا داوادەکەن، بەهیچ شێوەیەک فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-16 بەتورکیا نەفرۆشرێت.
ئەو کۆنگرێسمانانە کە لە4ی ئەم مانگە داواکارییەکەیان واژۆکردوە ڕونیانکردۆتەوە، "نابێت ئەمریکا هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی سەربازیی پێشکەشی سوپای تورکیا بکات، تاوەکو ئەوکاتەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەست لەتێکدانی ئاسایشو سەقامگیریی ناوچەکە هەڵدەگرێتو لەناوەوهو دەرەوەی تورکیا کۆتایی بەپێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیی دەهێنێت".
وتوشیانە، "ئەزمونهكانى پێشوو ئەوەیان دەرخستوە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەست لەکارو کردەوەکانی هەڵناگرێت تا ئەوکاتەی ئهمریكا هەموو ڕێگا دیبلۆماسییەکان لەوانە سەپاندنی سزای ئابوری دژ بەتورکیا بەکاردەهێنێت".
بەپێی یاسا، بۆئەوەی حکومەتی ئەمریکا بتوانێت فڕۆکەی جەنگیی بەتورکیا بفرۆشێت، ئەوە دەبێت پێش واژۆکردنی سەرۆکی وڵات، کۆنگرێسی ئەو وڵاتە ڕەزامەندی پیشانبدات.
لەماوەی ڕابردودا تورکیا ڕایگەیاند، دەیەوێت بەرامبەر بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F-35ی بەتورکیاو دەرکردنی ئەو وڵاتە لەبەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەکە، ئەمریکا ڕازییبێت بەبەهای چەندین ملیار دۆلار فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-16و چەکو كهرهستهى تری سهربازى پێشکەوتوو بەتورکیا بفرۆشێت.