زیاتر لە 30 ئەندامی کۆنگرێس هۆشداری دەدەنە بایدن لە گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی
  2022-02-08       376       

ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوا دەکەن ڕەزامەندییان وەربگیرێت لە بڕیاری گەڕانەوەی وڵاتەکەیان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

ئاوێنە: زیاتر لە 30 ئەندامی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران نامەیەکیان ئاراستەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردووە ڕۆڵیان پێبدرێت لە بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی وڵاتەکە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی یان ویستیان بۆ ڕێگری کردن لە هەنگاوێکی لەوشێوەیە.

لە نامەکەدا ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پیران ڕوونیانکردووەتەوە، بایدن بەپێی یاسا پابەندکراوە بەوەی ڕۆڵ بدات بە ئەنجومەنی پیران بۆ دەستوەردان لەو پرسەدا و دەڵێن، “ئێمە پابەندین بە بەکارهێنانی سەرجەم بژاردەکان بۆ بەخشینی ئەو ڕۆڵە بە ئەنجومەنەکە و ڕێگری لە جێبەجێکردنی هەر ڕێککەتنێکیش دەکەین ئەگەر تێیدا ئەندامانی کۆنگرێس دووربخرێنەوە”.

لە نامەکەدا هاتووە، “دەمانەوێت جەخت لە تێڕوانینەکانمان بکەینەوە کە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەبێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، بۆیە داوادەکەین بۆ هەر بڕیارێک ڕاوێژ و ڕەزامەندیی ئەنجومەنی پیران وەربگیرێت”.

ڕەخنەیان لە هەنگاوەکانی بایدن لەوبارەیەوە گرتووە و دەڵێن، لە ماوەی ساڵی یەکەمی ئیدارەکەتدا، ئێران پێشکەوتنی زۆری بەخۆوەبینیوە لەڕووی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە لەوانە، پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 60%، فراوانکردنی بڕی یۆرانیۆمی گەنجینەکراوی بەبڕی سێ هەزار و 200 کیلۆگرام، بەرهەمهێنانی بڕی 200 گرام لە یۆرانیۆمی پیتێنرا کە دەکرێت ئەمە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکاربهێنێت”.

لە دەقی یاسای پێداچوونەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015دا بەناوی INARAدا هاتووە، لەسەر سەرۆک پێویستە “دەقی ڕێککەوتنەکە و سەرجەم بەند و ماددەکانی” ڕەوانەی کۆنگرێس بکات لەماوە پێنج ڕۆژ دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن، بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکەش پێویستە لانیکەم 60 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران بەدەستبهێنێت و دەنگبەدەن بە مانەوە لە ڕێککەوتنەکەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×