كڵچدارئۆغلو: ئەردۆغان نرخی وزە كەمنەكاتەوە، پارەی كارەبا نادەم
  2022-02-10       605       

لە توركیا بەرزكردنەوەی نرخی كارەبا و وزە كاردانەوەی لێكەوتەوە، چەند كەسایەتی و لایەن و پێكهاتەیەك ڕەتیدەكەنەوە پارەی كارەبا بدەن، هەڵمەتێكی ڕێكخراو لەوبارەیەوە هاتووەتە ئاراوە.

لە سەرەتای ساڵی نوێ، حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نرخی كارەبا و سووتەمەنیی بەرزكردەوە، ئەمەش كاردانەەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئێستا كاردانەوەكان فراوانتر و رێكخراوتر بوون.

شەوی ڕابردوو لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا لە تویتەر، كەماڵ كڵچدارئۆغلو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری – جەهەپە، كە بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند، بەڕوونی وتی، چیتر پارەی كارەبا نادات تا ئەو كاتەی ئەردۆغان نرخی وزە و سووتەمەنی كەمنەكاتەوە.

پێشتریش چەندین شوێنی بازرگانی و كار، كاردانەوەیان بەرامبەر بە بەرزكردنەوەی نرخی وزە دەربڕیبوو، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێك دەستیپێكردووە و ناڕازین لە بڕیارەكەی ئەردۆغان.

لەو نێوەندەدا، عەلەوییەكانی توركیا، كە پێكهاتەیەكی كەمینەی وڵاتەكەن، پێشتر ڕایانگەیاندبوو، پارەی كارەبای شوێنی پەرستشەكانیان نادەن، كە بە “سیمیفیس” ناسراوە، وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە بەرزكردنەوەی نرخ.

حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ساڵی نوێی بە بەرزكردنەوەی نرخی وزە و سووتەمەنی دەستپێكرد، پارەی كارەبای لەسەر شوێنە بازرگانییەكان بەڕێژەی 125% بەرزكردەوە و بۆ خەڵكی ئاسایی 50%، هەروەها نرخی گاز و بەنزینیشی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزكردەوە.

لەدەستدانی بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی دۆخی ئابوریی توركیای خستووەتە قەیرانەوە، هەڵاوسان بەشێوەیەكی بەرچاو و تا نزیكەی 50%ی ساڵانە بەرزبووەتەوە، هەموو ئەوانە دۆخێكی سەختی بەسەر خەڵكی وڵاتەكەدا سەپاندووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×