سێ رۆژە گەڕی هەشتەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان دەستی پێکردوەتەوە و ئێرانیش دەڵێت: لایەنەکان سەرقاڵی نوسینەوەی پێشنوسی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمین.
ئاوێنه: ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە ئێوارەی هەینی لایەنەکانی بەشداربوی رێککەوتنی ئەتۆمیی لە ڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا دەستیان کردوە بە کۆبونەوە و بڕیارە پێشنوسێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر تاران و زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئامادە بکرێت.
دوای ئامادەکردنی پێشنوسەکە و ئەندامانی بەشداربوی رێککەوتنی ئەتۆمی کە بریتین لە ئێران و وڵاتانی ئەمریکا ، روسیا، چین، بەریتانیا و فەڕەنسا لەگەڵ ئەڵمانیا کە بە وڵاتانی 5+1 ناسراون بڕیار لە واژۆکردنی ئەو پێشنوسە دەدەن.
ئەگەر وڵاتانی بەشداربوی رێککەوتنەکە لەسەر واژۆی ئەو پێشنوسە رێککەون، ئەوا رێککەوتنی ئەتۆمیی کە لە ساڵی 2015 دوای 20 مانگ کۆبونەوە واژۆ کرا و ساڵی 2018 لەسەر دەستی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا راگیرا جارێکی دیکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سزا نێودەڵەتییەکانی سەر ئێرانیش لادەچێت.