ئۆکرانیا، دەوڵەتە خێر نەدیوەکە
  2022-02-14       1453       

دانا حەمەعەزیز

ئۆکرانیا بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاست واتە (ساڵی ٥٠٠ تا ١٥٠٠ ی زاین)، مەڵبەندی سەرەکی کەلتوری سلاڤی نەژادەکانی خۆرهەڵات بوە، بەڵام هەمیشە پەرتەوازە و بەربڵاو بوە. لەسەدەی سیانزەی زاین دا ئەوکاتەی ئۆکرانیەکان خەریكی خۆڕێکخستنەوە بون، لەشکری مەغۆل بە پشتیوانی تاتارە تورکەکان وێرانیان کرد، لەوکاتەشەوە تا سەدەی هەژدە، ئۆکرانیا لەهەر چوار لاوە کەوتە بن دەستی (ڕوسیای قەیسەریی، هاوپەیمانیی پۆڵۆنیا-لیتوەینیا، ئیمپراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا و عوسمانیەکان). بەڵام لەسەدەی نۆزدەوە تەنها بە ژێردەستەی (ڕوسیای قەیسەری لە خۆرهەڵاتەوە، پۆڵۆنیا لە خۆرئاواوە)مایەوە. کەلتور و زمان و دیالێکتی ڕوس و پۆڵۆنیی، تا ئەمڕۆش زاڵە بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوای وڵاتدا.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفی و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی قەیسەریی لە ڕوسیا، ئۆکرانیەکان دەرفەتیان هێنا و کۆماری میللی ئۆکرانیا یان دامەزارند، بەڵام تەمەنی ئەم کۆمارە تەنها سێ ساڵی بڕکرد و، لەژێر گوشاری ڕوسەکاندا کۆمارەکە خرایە سەر یەکێتی سۆڤیەت.

لە گەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم دا، خۆرئاوای ئۆکرانیا لەگەڵ خۆرهەڵاتدا یەکیان گرتەوە و تا ساڵی ١٩٩١ وەك دووەم گەورەترین کۆماری یەکێتی سۆڤیەت مایەوە. لەگەڵ کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆکرانیا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، بەدریژایی ٧١ ساڵ مانەوە لە ناو یەکێتی سۆڤیەت دا، ئۆکرانیا بەدەست برسێتی و قەیرانی یەك لە دوای یەكەوە دەیناڵاند. بەهۆی سیاسەتی توندوتیژی ستالینەوە لە (ڕێگرتن لە هاتوچۆ، دەستبەسەراگرتنی هەموو پێداویستیەکی ناوماڵ و ڕێگرتن لە گەیشتنی کۆمەکی نێودەوڵەتیی)، لەماوەی یەك ساڵدا(١٩٣٢-١٩٣٣) سێ ملیۆن و نیو ئۆکرانی لە برسا مردن. ئەم کارەساتە، بە گرانی دەستکرد یان جینۆساید ناسراوە کە ئۆکرانی و ڕوسەکان پێی دەڵێن Holodomor.

بەدرێژایی شەڕی ساردیش، بەهۆی پێگەی جوگرافیی، ئۆکرانیا لە ڕیزی پێشەوەی بەرەنگاریی دا بوو. ئۆدێسا وەك گەورەترین بەندەری سەر دەریای ڕەش، گەورەترین خاڵی ئاڵوگۆڕ و بازرگانیی جەنگی بوو، ژێردەریاییەکانی سۆڤێت زۆریان ماڵی سەرەکی یان ئاوەکانی ئۆکرانیا بوو. ١٩٠٠ کڵاوەی ئەتۆمیی یەکێتی سۆڤێت لە ناو خاکی ئۆکرانیا چێنرابوون، چەندین کارلیکی ئەتۆمیی لە ئۆکرنیا ئەنجام درا. ساڵی ١٩٨٦ تەقینەوەی ویستگەی کارۆ-ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە باکوری ئۆکرانیا، گەورەترین کارەساتی ژینگەیی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش ئاسەواری ماوە.

٣١ ساڵیی ڕابردوو بۆ ئۆکرانی یەکان سەردەمێکی سەخت بوو، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕوسیا، پرۆسێسی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بۆ دیمۆکراسی و ئابوری ئازاد بە گۆجیی هێشتەوە. ئۆکرانیەکان، لە رۆژی سەربەخۆبونەوە، نامەیەکی سپیان بۆ ڕوسیا و بۆ خۆرئاوا ئیمزا کرد کە ئەوان تەنها ئاشتی و ئازادیی و پێشکەوتن ئامانجیانە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم چەکە ئەتۆمیەکانیان ڕادەستی ڕوسیا کرد، هاوپەیمانیی بازرگانیی و هاریکاری ئابوریان لەگەڵ ڕوسیا و ئەوروپا و ئەمریکا ئیمزا کرد. ئۆکرانیەکان زنجیرەیەك شۆڕشی ئاشتیخوازانەیان لە پێناو دیمۆکراسیی و دادپەروەریی دا بەرپاکرد، بەڵام ڕاپەڕینی ئازاری ٢٠١٤ دژی سەرۆك ڤیکتۆر یانۆکۆڤیج، هەموو ڕیسەکەی لە ئۆکرانیەکان کردەوە بە خوریی. یانۆکۆڤیچ سەر بە ڕوسیا بوو، بڕیار و ڕاسپاردەکانی ڤلادیمیر پوتین ی جێبەجێ ئەکرد، کۆسپ بوو لەبەردەم هەنگاوەکانی ئۆکرانیا بۆ نزیك بونەوە لە بازاڕی ئازاد و سەرەنجام ئەندام بوون لە یەکێتی ئەوروپا دا. یانۆکۆڤیچ ڕایکرد بۆ مۆسکۆ و، ئۆکرانیەکان کۆشکە شاهانەکەیان کرد بە مۆزەخانە. بەڵام ئەم ڕاپەڕینە، روسیای توڕەکرد. بەبیانوی بونیی کەمینەی ڕوس، ڤلادیمیر پۆتین دورگەی کرایمیا و بەشێك لە هەرێمەکانی لۆهانسك و دینیسك ی داگیرکرد و تا ئێستاش شەڕ لەو هەرێمانە بەردەوامە کە زیاتر لە ١٤ هەزار کەسی تیا کوژراوە. لەوکاتەوە ئۆکرنیا بەشێکی گەورەی لە بودجە لاوازەکەی بۆ جەنگ و کڕینی پیداویستیی سەربازیی تەرخان کرد. بەڵام کرانەوەی یەکێتی ئەوروپا بە ڕوی ئۆکرانیا دا، ئەم وڵاتەی خستە سەر هێڵی گەشەکردن، ژمارەی بێکاریی بەردەوام ڕوی لە دابەزینە، کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە بەرزبوبەوەدایە، پرۆژەی خزمەتگوزاریی و ڕێگاو بان لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە. گەندەڵیی لەکەم بونەوەدایە، سیستەمی حوکمڕانی کە نیمچە سەرۆکایەتی یە، هەنگاوی زۆۆرباشی ناوە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و لە سەربەخۆکردنی دەسەڵاتی دادوەریدا.

دوای ڕوسیا، ئۆکرانیا (بە ڕوبەر) گەورەترین وڵاتی ئەوروپایە واتە لە فرەنساش فراوانترە، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٢ ملیۆنە. بەهۆی تەختیی و بەپیتی خاکەکەیەوە، بەدرێژایی ٣٢ هەزار ساڵی ڕابردوو، یەکێك لە سەر زەمینە ئاوەدانەکان بوە، ئێستاش لە وڵاتە هەرە گەورەکانی جیهانە لە هەناردەکردنی بەرهەمی دانەوێڵەدا.

هەڕەشەکانی ڕوسیا لەئەم وڵاتە تازە پێگەیشتوەدا، ڕاستین. ڕوسیا زیاتر لە سەد هەزار سەرباز و هەزاران تانك و تۆپ و موشەك هاوێژی لەسەر سنورەکانی ئۆکرانیا کۆکردۆتەوە، لە دەریای ڕەشیشەوە ئۆکرانیای بەتەواوی داخستوە. بەپێی لێکدانەوە هەواڵگریی یەکانی ئەمریکا و بریتانیا، داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە لە سەعات و ڕۆژ دایە. بەڵام وەك بۆ هەموو لایەنەکانی قەیرانەکە دیارە، هێرشی سەربازیی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە کارەسات کۆتایی دێت و ڕوسیا ناتوانێت بەزەبری چەك دەسەڵاتێکی سەر بە مۆسکۆ بەسەر ئۆکرانیەکاندا بسەپێنێت!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×