ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: ئەردۆغان دەبێت لەپرسی ئۆکرانیادا هەڵوێستێکی توندتر بەرامبەر ڕوسیا وەربگرێت
  2022-02-15       1002       

ڕۆژنامەی "هائارتس"ی عیبری ئاشکرایکردوە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ترسێکی زۆری لەسەپاندنی سزا لەلایەن ئەمریکا بەسەریدا هەیە، هەربۆیە دەبێت لەپرسی قەیرانی ئۆکرانیادا هەڵوێستێکی توندتر بەرامبەر ڕوسیا وەربگرێت.

بابەتی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە کە لەلایەن نوسەر تفسی بارئیل پسپۆڕی بواری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەڕۆژنامەی "هائارتس"ی عیبری لەژێر ناوی "ئەردۆغان نیگەرانەو ئێران ئەوە بەدەرفەت دەزانێت: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەنیگەرانییەوە لەقەیرانی ئۆکرانیا دەڕوانێت" نوسیوەو تێیدا دەڵێت:"ئەوەی ئەردۆغان لەشەڕی ئۆکرانیا زیاتر لێی دەترسێت، ئەو سزایانە کە ڕەنگە ئەمریکا بەسەریدا بسەپێنێت".

بەوتەی ڕۆژنامەکە، هەڕەشەکانی ڕوسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا گرژییەکانی نێوان مۆسکۆو ئەنکەرە زیاتر دەکات، بەتایبەت ئەگەر پەیوەندییە تایبەتیی‌و ئابورییەکانی سەرۆکی تورکیا لەگەڵ ئۆکرانیا لەبەرچاو بگیرێت.

لەبابەتەکەی ڕۆژنامە عیبرییەکەدا هاتوە، "ئەردۆغان لەکاتی گەڕانەوەی لەکیێڤ بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە، هەروەک جارێکی تریش هەستیکردوە گەمارۆدراوەو کەوتۆتە دۆخێکەوە دەبێت وەک بەشێک لەهاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی (ناتۆ)و لەترسی سزادانی لەلایەن ئەمریکاوە لەدژی ڕوسیا بوەستێتەوە".

دەشڵێت:"لەکاتێکدا تورکیا پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ هەریەک لەڕوسیاو ئۆکرانیادا هەیە، بەوپێیەی لەکیێڤ ئەردۆغان چاوی بەزیلنسکی کەوتوەو پوتنیش بانگهێشتەکەی ئەردۆغانی بۆسەردانیکردنی تورکیا قبووڵکردوە، بەڵام هێشتا کاتی سەردانەکە دیارینەکراوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×