CNN: لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوسیا هێرشدەکاتە سەر ئۆکرانیا
  2022-02-18       528       


هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ڕوسیا سەرجەم ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ هێرشکردنەسەر ئۆکرانیا و بەرپرسێکی باڵای ئەمریکای نزیک لەو زانیارییە هەواڵگرییانەوە مەترسییەکان بە نزیک ناودەبات.

ئاوێنه‌: تۆڕی CNN لەزاری ئەو بەرپرسە باڵا ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن دۆخەکە ئاڵۆزە و ئەگەری زۆرە ڕوسیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشەکەی ئەنجامبدات.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەمریکی باس لەوەدەکەن کە تائێستا نازانن ڤلادیمێر پوتن بڕیاری هێرشی داوە یان نا، یان ئایا ئەو بڕیارە دوادەخات یان هەرگیز بڕیاری لەوجۆرە نادات.

ڕۆژی پێنجشەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی سەرجەم ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەگەری هەیە ڕوسیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرش ئەنجامدەدات و وتی، “من پێموایە لەچەند ڕۆژێکی کەمی داهاتوودا ئەوە ڕوودەدات”.

لەبەرامبەردا کریملن ڕەتیدەکاتەوە هیچ نیازێکیان بۆ هێرشکردنەسەر ئۆکرانیا هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×