دەربارەی تەنگژەی ئۆکرانیا
  2022-02-19       1333       

ئاتیلیۆ بۆرۆن, کۆمەڵناس و بیرمەندی سیاسیی مارکسیستی ئەرژەنتینیی

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

 

لەپاش لەبەریەکهەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەت، سەران و سەرکردەکانی "دیموکراسییەکانی خۆرئاوا" دڵنیاییان دا بە میخائیل گورباچۆڤ، کە ناتۆ، بە ئاراستەی خۆرهەڵاتدا، بستێک ناجوڵێت. بەڵام ئەوەی کە ئەو سەرکردانە لەدواییدا کردیان، گەمارۆدانی ڕوسیا بوو، بە چواردە ئەندامی نوێی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسیی، لە دەریای باڵتیکەوە تا دەریای ڕەش.

ئەو دەوڵەتانە کامانەن، کە ناتۆیان لێ پێکهاتووە؟

ناتۆ، لە گەرمەی شەڕی سارددا، واتە لە ساڵی١٩٤٩دا، دامەزرێنرا و، خۆی لە بنەڕەتدا ئەم دوانزە دەوڵەتەی لەخۆ دەگرت:

ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا، شانشینی یەکگرتوو، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، دانیمارک، نەرویج، لوکسەمبۆرگ، ئایسلاند، بەلجیکا، هۆڵاند، پورتوگال.

دواتر ئەم دەوڵەتانە، بە دوای یەکدا، چوونە نێوی و بوونە ئەندام تیایدا:

-یۆنان و تورکیا، ساڵی١٩٥٢.

-کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ، ساڵی١٩٥٥.

-بە هۆی ناپاکیی فیلیپی گۆنزالیسەوە، ئیسپانیا لە ساڵی١٩٨٢دا چووە نێو هاوپەیمانێتییەکەوە.

-مەجەڕ و پۆڵەندا و کۆماری چیک، ساڵی١٩٩٩.

-پێنجەمین بەرفراوانبوون و پەلهاویشتنی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسیی لە ساڵی٢٠٠٤دا بوو، کاتێک کە هاوپەیمانێتییەکە بوڵگاریا و سلۆفاکیا و سلۆڤینیا و ئیستۆنیا و لاتیڤیا و لیتوانیا و ڕۆمانیای گرتە خۆی.

پڕۆسەکە، لەدوای بەشدارییکردنی کرواتیا و ئەلبانیا لە هاوپەیمانییەکەدا لە ساڵی٢٠٠٩دا، بەردەوام بوو.

-دواجار جەبەل ئەسوەدیش بە هەمان جۆر چووە هاوپەیمانێتییەکەوە.

بەم چەشنە، ئەم هاوپەیمانێتییە، ڕوسیای لە تەواوی سنوورەکانی خۆرئاوایدا ئابڵوقە دا، تەنها بیلاڕوسیا و ئۆکرانیا نەبێت.

ڕوسیا چی دەوێت؟

پێویست نییە شارەزای کاروباری سەربازیی بیت، تا ڕادەی مەترسیی و ترسناکیی ئەم دۆخە و هەڕەشەکردنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیی پێوانە بکەیت.

بۆ نموونە، ئەو موشەکانەی کە نوکی ئەتۆمییان هەڵگرتووە یاخود هەیە و لە پۆڵەندا و ڕۆمانیا جێگیر کراون، دەتوانن لە ماوەی پانزە خولەکدا بگەنە مۆسکۆ. ئەگەر ناتۆ ئۆکرانیایش بۆ خۆی بەرێت، ئەوکات لەسەر خاکی ئۆکرانیاوە، ئەو موشەکانە، بە پێنج خولەک، دەگەنە مۆسکۆ. ئەمەیش، سەبارەت بە ڕوسیا، وا دەکات کە هەر بەرگریی لە خۆ کردنێک، ئەستەم بێت.

دۆزەکە پەیوەندیی بە ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتێکی وەکو ڕوسیاوە هەیە، کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابووردوودا، ڕووبەڕووی چەندین سزای ئابووریی و دیپلۆماسیی و تاوانبارکردنی میدیایی و هەڕەشە بە هەموو شێوەکانییەوە، لەنێویشیاندا هەڵمەتێکی توندی ناوزڕاندن لە دژی پوتین کە لە ئێستادا بە هۆی تەنگژەی ئۆکرانیاوە زیاتر پەرەی سەندووە، بووەتەوە.

دەبێت بڵێین؛ تەنگژەکە "دیموکراسییەکانی خۆرئاوا" دروستیان کردووە، کە لەڕاستییدا بڕێک کەمایەتیی نەگریسن خزمەتی سەرمایە گەورەکە و پیشەسازیی چەک لە وڵاتەکانیاندا دەکەن، سەرەتا لە ویلایەته یەکگرتووەکانەوە، کە، بۆ بەدبەختیی، زۆربەی دەوڵەتە ئەوروپییەکان بە جۆرێک بەیدەست بوون، بوونەتە خزمەتکاری گوێڕایەڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

هیچ بەهانەیەک نییە بۆ ئەو دوژمنکارییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕەواج و برەوی پێدەدات، تەنها ئەو داکشانەی هێزە جیهانییەکەی نەبێت، کە پاڵی دەنێت لەسەر سەرکێشییەکی سەربازیی لە ئۆکرانیادا مەرج و گرەو بکات، بە بیانووی ئەوەی شەڕی براوە دەرفەتی بەدەستهێنانەوەی سەرکردایەتییەکی جیهانیی پێدەدات کە بە شێوەیەک داخوراوە چاککردنەوەی کاری نەکردەیە.

بۆ بەدبەختیی، تاقانە پیاوی نێو ئەم گەمە ترسناکە، پوتینە. ئەوانەی تر کە دەمێننەوە، هەر لە جۆ بایدن و بۆریس جۆنسۆنی پەهلەوان و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەوە، بڕێک سیاسەتمەداری پلە چوارن و نابەرپرسانە جیهان دەبەنە لێواری دۆزەخی شەڕێکی ئەتۆمییەوە بەو جۆرەی کە چۆمسکی چەندین جار لەبارەیەوە هۆشداریی داوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×