پوتین دان بە سەربەخۆیی دو ناوچەی جوداخوازی ئۆكرانیادا دەنێت
  2022-02-21       573       

ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا رایگەیاند، بڕیارماندا دان بە سەربەخۆیی هەردو ناوچەی "لوهانسک" و "دۆنێستک" لە هەرێمی دونباسی ئۆكرانیادا بنێین.

ئاوێنە: ئەمشەو دوشەممە، ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا وتەیەكی لەبارەی دۆخی ئۆكرانیاو ئەو دو ناوچە جوداخوازەی ئەو وڵاتەوە پێشكەش كرد.

پوتین لە وتەكەیدا رایگەیاند، لینین دامەزرێنەری ئۆكرانیا بوەو ئۆكرانیای هاوچەرخ لەڕوی مێژوییەوە لەسەر حسابی خاكی روسیا دروستكراوە.

ئەوەشی خستەڕو، بەڵشەفییەكان هەرێمی دۆنباس-یان بە زەبری هێز خستەسەر ئۆكرانیا.

پێشتر بەگوێرەی رێككەوتننامەی مینسك لەنێوان ئۆكرانیاو روسیا، نەخشەڕێیەك بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكانی نێوان هێزە جوداخوازە ئۆكرانیاو ئەو وڵاتە لە هەرێمی دۆنباس دانرابو.

پوتین لە بەشێكی قسەكانیدا بە ئاماژەدان بە زیادكردنی نرخی ئاو و خزمەتگوزارییەكانی دیكە رەخنەی لە ئۆكرانیا گرت و بە تانەوە وتی"ئایا ئەمە هەمان ئەو شارستانێتییە ئەوروپییە كە ئێوەیان پێ هەڵخەڵەتاندوە؟"

سەرۆكی روسیا هەروەها ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكانی ساڵی 2014ی ئۆكرانیای بە "كودەتا" ناوبرد كە بوە هۆی لەسەركارلادانی سەرۆكی ئەو كاتی ئەو وڵاتە كە لەلایەن روسیاوە پشتیوانی دەكراو وتیشی"ئۆاكرانیا لەدەرەوەی وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×