له‌چوارچێوه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ڕوسیا‌و ئۆكرانیادا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند، ته‌واوی دیپلۆماتكارانی له‌ئۆكرانیا ده‌كشێنێته‌وه. ئۆكرانیاش داوا له‌هاوپه‌یمانه ڕۆرئاواییه‌كانی ده‌كات چه‌كی پێبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌رامبه‌ر به‌روسه‌كان خۆی رابگرێت.
ئاوێنه: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه دوای رێگه‌دانی ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی - پەرلەمانی روسیا بۆ ناردنی سوپای روسیا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، كاتی ئه‌وه‌یه له‌پێناو پاراستنی گیانیان ته‌واوی دیپلۆماتكارانی روسیا خاكی ئۆكرانیا جێبهێڵن.
هاوكات دمیترۆ كولیبا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا به‌ر له‌كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌مه‌ریكاییه‌كه‌ی داوای له‌وڵاتانی ڕۆرئاوا كرد چه‌كیان پێ بده‌ن.
وتیشی، "ئه‌مڕۆ نامه‌یه‌كم ناردووه بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیاو داوام كردووه چه‌كی زیاترمان پێ بده‌ن. هه‌روه‌ها هه‌مان داواش له‌ئه‌مریكا ده‌كه‌م، چونكه دیپلۆماسییه‌ت و چه‌ك باشترین ده‌سته‌به‌رن بۆمان. ئێمه داوا له جیهان ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ی پێویستمانه له چه‌ك بمانده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خۆبگرین."
هه‌روه‌ها داوایشی له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد واز له نیگه‌رانیی و راڕاییه‌كه‌ی بهێنێت و به‌ڵێنی وه‌رگرتنی ئۆكرانیا له‌یه‌كێتییه‌كه بدات.
هه‌ر ئه‌مڕۆ پەرلەمانی روسیا بەزۆرینەی دەنگ پاڵپشتیی بڕیاری چونی سوپای روسیای بۆ ئۆکراینا په‌سه‌ندكرد، بەوەش رێگە بەڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا دەدرێت کە هێزی وڵاتەکەی لەدەرەوەی وڵاتەکە بۆ پاڵپشتیکردنی جوداخوازەکانی ئۆکراینا بەکاربهێنێت.
پێشتر سەرۆکی روسیا داوای لەپەرلەمانی وڵاتەکەی کردبو کە رێگە بەچونی سوپای وڵاتەکەی بدات بچێتە ئۆکراینا بۆ پاڵپشتیی جوداخوازەکان کە لەساڵی 2014وە دژی سوپای ئۆکراینا دەجەنگن.