بێلاڕوسیا: لە داگیرکردنی ئۆكرانیا بەشدار نیین
  2022-02-24       467       

سەرۆکی بێلاڕوسیا رایگەیاند:" سوپای وڵاتەکەمان بەشدار نییە لەم ئۆپەراسیۆنە ی روسیا بۆ داگیرکردنی ئۆكرانیا".

ئاوێنه‌: ئەلیکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی  بێلاڕوسیا و یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ڤلادیمیر پوتن رایگەیاند، "سوپای وڵاتەکەمان بەشدار نییە لەم ئۆپەراسیۆنە ی روسیا بۆ داگیرکردنی ئۆكرانیا". ئەوەش لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ دەیان هەزار سەربازی وڵاتەکەیی لە بێلاڕوسیا جێگیرکردوون.

پاسەوانی سنوری ئۆكرانیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەلایەن تۆپخانەکانی روسیاوە لە سنوورەکانی باکووری وڵاتەکە لەگەڵ روسیا و بێلاڕوسیا هێرشی کراوەتەسەر.

مینسک رایگەیاندووە، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا پەیوەندیی بە لوکاشێنکۆوە کردووە و پێی راگەیاندووە کە مۆسکۆ دەست بە هێرشی سەربازی بۆسەرئۆكرانیا دەکات.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی، لۆکاشێنکۆ رایگەیاند، لە پەیوەندییەکەدا پووتین زانیاریی لەبارەی "پەرەسەندنەکان" پێڕاگەیاندووە.

سەرۆکی بێلاڕوسیا دەڵێت، پوتن پێی وتووە، "ئامانجەکەی" لەو ئۆپەراسیۆنە بۆ "راگرتنی جینۆسایدی خەڵکە لە کۆمارەکانی دۆنێتسک و لوهانسک".

ئەلێکساندەر لۆکاشێنکۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەشێوەیەکی تایبەتی و کەسی" پێشنیازی مانەوەی "ژمارەیەک لە سەربازانی روسیای" لە باشووری وڵاتەکەی کردووە بۆ ئەنجامدانی راهێنانی سەربازی.

پووتین رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر ئۆکراینا.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×