جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا سەپاندنی كۆمەڵێك سزای نوێی بەسەر روسیادا راگەیاند كە سزادانی شەخسی ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیایایان تێدا نییەو دەشڵێت: هێزەكانمان ناچنە ئۆكرانیا بۆ شەڕ دژی روسیا بەڵام بەرگری لەهەر بستێك خاكی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەكەن.
ئاوێنە: جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمشەو پێنجشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئیدانەی هێرشی روسیای بۆ سەر ئۆكرانیا كردو سەپاندنی كۆمەڵێك سزای نوێی بەسەر ئەو وڵاتەدا راگەیاند.
بایدن وتی"ئەم سزایانە دەبنە مایەی زیانێكی گەورە لە ئابوری روسیا لەنزیك ماوەدا بێت یان لە دور ماوەدا."
بەپێی قسەی بایدن، سزاكان سنورێك بۆ توانای كاری بازرگانی روسیا بە دۆلارو یۆرۆ و پاوەن و یەن دادەنێن كە بونەتە بەشێك لە ئابوریی جیهان و توانای ئەو وڵاتەش بۆ پشتیوانی دارایی سوپای روسیا سنورداردەكەن لەگەل لاوازكردنی تواناكانی بۆ كێبڕكێكردن لە ئابوری ئەم سەدەیەدا.
هەروەك وتیشی، سزاكان گەورەترین بانكەكانی روسیایان كردۆتە ئامانج.
بەڵام بایدن لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا كە بۆچی سزاكان راستەوخۆ ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا ناگرنەوە، وتی، سزادانی شەخسی پۆتین ئەگەرێكی كراوەیە. وتیشی"ئەمە چەواشەكردن نییە، سزادانی ئەگەرێكی كراوەیە." بەڵام وەڵامی ئەوەی نەدایەوە كە هۆكاری ئەوە چییە كە ئەمڕۆ پوتین لەنێو سزا سەپێندراوەكاندا نییە.
هۆكاری دەرنەكردنی روسیا لە سیستمی سویفت، كە تۆڕێكی ئاڵۆزی پەیوەندیی هەزاران دامەزراوەی داراییە لەسەرتاسەری جیهان، پرسیارێكی دیكەی رۆژنامەنوسان بو بۆ سەرۆكی ئەمریكا، لەوەڵامدا بایدن وتی: ئەو سزایەش بژاردەیەكی بەردەمیانە، بەڵام لە ئیستادا وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ ئەوەدا نین و جەختیشی كردەوە، ئەو سزایانەی خراونەتە سەر بانكە روسییەكان، رەنگە كاریگەری زیاتریان هەبێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی ئەمریكا دوپاتیكردەوە كە ئەمریكا هێز نانێرێتە ئۆكرانیا بۆ شەڕ دژبە روسیا و وتی: هێزەكانمان نەچونەتە ئەوروپا تا لە ئۆكرانیا شەڕ بكەن، بەڵكو بۆ ئەوە رۆیشتون بەرگری لە هاوپەیمانمان لە ناتۆ بكەن. جەختیشی كردەوە كە بەوپەڕی هێزی ئەمریكاوە بەرگری لە هەر بستێكی خاكی ناتۆ دەكەن.
هەروەها بایدن لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە خواستی پوتین زۆر گەورەترە لە داگیركردنی ئۆكرانیاو لەراستیدا دەیەوێت یەكێتی سۆڤیەتی پێشو، بونیادبنێتەوە كە ئەو خواستانەشی لێكدژن لەگەڵ ئەوەی جیهان ئەمڕۆ پیی گەیشتوە.