چاوشئۆغلۆ: روسیا مافی بەكارهێنانی گەروەكانی توركیای هەیە بۆ گەڕاندنەوەی كەشتییە جەنگییەكانی
  2022-02-25       1199       

مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، دەكرێت توركیا هەردو گەروی بۆسفۆر و دەردەنێل بەڕوی هاتوچۆی كەشتییە جەنگییەكاندا دابخات، بەڵام لەم كاتەشدا روسیا مافی بەكارهێنانی گەروەكانی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی كەشتییەكانی بۆ بنكەكانیان.

ئاوێنە: مەولود چاوشئۆغلۆ، لەبارەی داواكەی باڵیۆزی ئۆكرانیا لە ئەنكەرە بۆ داخستنی گەروەكانی بۆسبۆر و دەردەنیل بەڕوی كەشتییە جەنگییەكانی روسیادا، بە رۆژنامەی "حوڕییەت"ی توركی وتوە، ئۆكرانیا بەڕەسمی ئەو داوایەی پێشكەشكردوین، بەگوێرەی پەیماننامەی مۆنترۆ كە تاوەكو ئەمڕۆش توركیا ئەو پەیماننامەیە بەبێ هیچ دودڵییەك جێبەجێ دەكات، لەكاتی بونی جەنگێكدا كە توركیا لایەندار نەبێت تێیدا، كۆمەڵێك رێكار هەن دەكرێت بگیرێنە بەر بەرامبەر بەو وڵاتانەی كە لە جەنگدان.

وتوشیەتی"توركیا دەتوانێت هاتوچۆی كەشتییە جەنگییەكان بە گەورەكاندا رابگرێت. بەڵام شتێكی دیكەش لەنێو پەیماننامەی مۆنترۆدا هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر وڵاتێكی بەشدار لە جەنگ داوای گەڕانەوەی كەشتییە جەنگییەكانی بۆ بنكەكانیان بكات، دەبێت توركیا رێگە بەمە بدات. بۆیە تەنانەت ئەگەر گەروەكانیش دابخەین، روسەكان مافێكی لەم شێوەیەیان هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×