جەنگ لە ئۆكرانیا زیان بە بازرگانانی هەرێم و عێراق دەگەیەنێت
  2022-02-25       1214       
هەینی 25/2/2022، كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا

ئا: زریان محەمەد

 

بەهۆی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، كاری بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئۆكرانیا وەستاوە، بازرگانێكی هەرێم دەڵێت: ئەوەش زیانی گەورەی بە كاری بازرگانی ئێمە گەیاندوە.

 

پێشەوا سیروان، بازرگان لە شاری سلێمانی بە ئاوێنەی راگەیاند"کاری بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتی ئۆکرانیا بەتەواوی راوەستاوە بەهۆی راگەیاندنی باری نائاسایی لەو وڵاتە بۆ ماوەی 30 رۆژو راوەستانی کاری تەواوی کارگەکان و بەرهەمهێنەرەکانی ئەو وڵاتە ئەمەش زیانی گەورە بەکاری بازرگانی ئێمە دەگەیەنێت".

ئەوەشی وت"ئەو بەرهەمانەی ئۆکرانیا کە هەناردەی ئێرە دەکران زۆر جۆر لەخۆ دەگرن، وەک خواردن، شەربەت، شیرەمەنی ئەندۆمی، پاکكەرەوەو خەڵوز زۆر بەرهەمی دیکە، بەڵام ئێستا هەمو ئەم بەرهەمانە هاوردە ناکرێن و رێگاکان بەتەواوی داخراون ئەمەش دەبێتە زەرەرو زیانێکی زۆر بۆ کاری بازرگانیمان".

ئەو بازرگانە ئەماژەی بەوەشدا"دروستبونی کاری بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئۆکرانیا ئاسان نەبوە چونکە هەر کارێکی بازرگانی کۆمەڵێک خەرجی هەیە لەئێستادا هەمو ئەو کارانەی کراوە هەر لە کڕینی ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکان دەبێتە زیان بۆ بازرگانان چونکە هیچ زەمان و قەرەبوکردنەوەیەکی بازرگانان لەلایەن حکومەتەوە نییە".

پێشەوا سیروان، جەخت لەوە دەکاتەوە لەئێستادا بازرگانان لە هەوڵی ئەوەدان بەدیلی بەرهەمە ئۆکرانییەکان بدۆزنە بەتایبەت لەوڵاتانی دراوسێ وەک ئێران و تورکیا بۆئەوەی بتوانن ئەو زەرەرەی کردویانە لەوە زیاترنەبێت و کاری خۆیان بەردەوام بکەن.

وڵاتی ئۆکرانیا پەیوەندی بازرگانی زۆری هەبوە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لەئێستادا بەهۆی جەنگ لەو وڵاتە کارە بازرگانییەکان بەتەواوی وەستاوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×