وەزارەتی بەرگری روسیا ڕایگەیاند، هێزەکانیان 211 پێگەی سەربازی ئۆكرانیایان لهناوبردوه، ههروهها شهش فڕۆكه و پێنج هەلیکۆپتەریان تێکشکاندوە.
وەزارەتی بەرگری روسیا له راگهیهندراوێكدا ئهمڕۆ ههینی بڵاویكردهوه، هێزە چەکدارەکانی روسیا 211 پێگەی سەربازی ئۆكرانیایان لهناوبردوه، کە 17 شوێنیان تایبهت بون به فەرماندەیی و ناوەندێکی پەیوەندی بۆ هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا وسیستمی بهرگری ئێس 300 و سیستمی موشەکی دژەفڕۆکەی ئۆسا و 39 وێستگەی ڕادار.
ئاماژهی بهوهشكردوه، هەروەها شەش فڕۆکەی شەڕکەر و پێنج هەلیکۆپتەریش خراونەتە خوارەوە و 67 تانک و زرێپۆش و 16 موشەکی هەمەجۆر و 87 ئۆتۆمبێلی سەربازی تایبەت تێکشکێنران.
وەزارەتی بەرگری روسیا دهڵێت، ژمارەیەکی زۆر لەو چەکانەی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە ڕادەستی ئۆکرانیا کراون، لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، كه چەکەکان بریتین لە سیستەمی موشەکی دژە تانکی ئەمریکا و سیستەمی NLAWی بریتانی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە هێزەکانی کۆماری گەلی دۆنێتسک و لوگانسک بەردەوامن لە پێشڕەوی و هێرشکردنە سەر پێگەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بە پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی روسیا.