وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، کەوتنی شاری کیێڤی پایتهختی ئۆكرانیا ئەگەرێکی بههێزە. سەرۆکی ئۆکرانیاش دهڵێت، "کیێڤ لەدەست نادهین".
ئاوێنه: هێرشی سوپای روسیا بۆسەر ئۆکرانیا پێی نایە رۆژی سێیەمیهوهو شەڕ گهیشتۆته شهقامهكانی کیێڤی پاینهخت.
لهنوێترین ههڵوێستی واشنتندا بهرامبهر ئهگهرهكانی كهوتنی كیێڤ، جین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "کەوتنی کیێڤ ئەگەرێکی بههێزە". وتیشی، "راستە ئێمە لەسەر زەوی بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوی هێزەکانی روسیا دەبینین، بەڵام تەنانەت لەگەڵ بونی ئەوەش هێشتا کەوتنی کیێڤ ئەگەرێكی راستەقینەیەو بەرەوپێشچونی هێزەکانی روسیا بەرەو ناوەڕاستی کیێڤ بەردەوامە."
لهبهرامبهردا ئهمڕۆ شهممه، ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا جهختی لهوه كردهوه كه خۆی سەرپەرشتی پاراستنو بەرگریکردن لەکیێڤی پایتەخت دەکاتو تائێستاش شارەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگهیاند، "نابێت کیێڤ لەدەستبدەین.. پێویستە پارێزگاری لەخاکی وڵاتەکەمان بکەین".
هاوکات شەوی رابردو هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە ئەمریکا داوای لەڤۆلۆدێمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە کە رزگاری بکاتو بیگوازێتەوە بۆ دەرەوەی وڵاتەکە، بەڵام ئەو رەتی کردووەتەوەو رایگەیاندووە دەمێنێتەوەو پارێزگاری لەخەڵکو خاکەکەی دەکات.
وتەبێژی حکومەتی ئۆکرانیاش رایگەیاند، شەوی رابردو روسیا فڕۆکەخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای بەموشەکی کالیبەر بۆردومان کردووە.
لهسهر ئاستی مهیدانیش، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، دەنگی تۆپباران لەچەند ناوچەیەکی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەبیسترێتو ئاڕاستەکانیان نەزانراوە، بەڵام ئاڕاستەی روبەڕوبونەوەکان تائێستا لەناوەندی شارەکەوە دورن.
سهبارهت بهزیانهكانیش روسیا و ئۆکرانیا ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە، ڤیکتۆر یۆشینکۆ، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، زیاتر لەدو ھەزارو ٨٠٠ سەربازی ڕوسیا كوژراونو ٥١٦ ئۆتۆمبیلی زرێپۆش، حەوت ھێلیکۆپتەر، ١٠ فڕۆکە، نزیکەی ٨٠ تانکو ٢٠ موشەکی جوڵاوی روسیایان تێكشكاندووه.
لەبەرامبەردا ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، یەکە سەربازییەکانی روسیا لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە بۆسەر ئۆکرانیا دەستیپێکردووە کۆی گشتی ٢١١ بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لەناوبردووە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکە سەربازییەکانی روسیا، شارەکانی کۆنۆتۆپو سومی لەنزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر لەرۆژھەڵاتی شاری کیێڤیان ئابڵۆقەداوە.
وتیشی، "یەکە سەربازییەکانی روسیا رێکاری پێویست بۆ پاراستنی ژیانی ھاوڵاتییە مەدەنییەکانی ئەم شارانەو ناوچە نیشتەجێکانی دەوروبەری دەگرنەبەر".