بێرنی ساندەرس: ئەوەی بۆ ئەمەریكا رەوایە بۆ روسیاش بەهەمانشێوە
  2022-02-26       1832       

ئا: ئاوێنە

 

بێرنی ساندەرس، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكاو كاندیدی پێشوی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكان ئاماژە بەوە دەكات ئەوەی بۆ ئەمەریكا رەوایە لەڕوی ئەمنیەوە بۆ روسیاش بەهەمانشێوە، ئەو دەڵێت "ئەگەر سەركردەیەكی گەندەڵ‌و تۆتالیتاری وەك فلادیمیر پۆتینیش حوكم نەكات، روسیاش وەك ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا مافی خۆیەتی بایەخ بەسیاسەتی ئەمنی دراوسێكانی بدات، وەك چۆن ئێمە لەساڵی 1962دا كردمان بەهەرا لەسەر دانانی موشەكی ئەتۆمی لەكوبا لەلایەن سۆڤیەتەوە، ئێستاش روسیاش هەمان كار دەكات بەرامبەر بەئۆكرانیا".

 

ساندەرس كە سیناتۆرێكی تەمەن 80 ساڵە‌و بەدیموکراتێکی سۆشیالیست ناودەبرێ‌‌و لەهەڵوێستەكانیدا سەربەخۆو جیاواز هەڵسوکەوت دەکات، ماوەی 33 ساڵە کۆنگرێسمان‌و سیناتۆرەو پێگەیەکی بەهێزی لەنێو دیموکراتەکان‌و کۆچبەران‌و موسڵمانانی ئەمەریكادا هەیە.

 

ساندەرس بەوە ناسراوە كە بەقوڵی بیر دەكاتەوە، ئەو یەكێك بو لەو كەسانەی كە ساڵی 2003 لەكۆنگرێسدا دژایەتی خۆی بۆ جەنگی ئەمەریكا دژ بەعێراق راگەیاند.

 

لەدوا لێدوانیدا لەئەنجومەنی پیران سەبارەت بەهێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، ساندەرس هەڵوێستێكی جیاوازی لەهەڵوێستی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند کە جێی سەرنجی زۆربەی ناوەندە سیاسیەکانی جیهانە، ئەو وتی "رەنگە پوتین درۆزن بێ‌‌و لەڕێگەی بەڵێنی درۆوە هەوڵی راكێشانی خەڵكی بدات، بەڵام دوڕویی ئەمەریكا لەوەدایە كە ئێمەش كار بەهەمان پرەنسیپ دەكەین لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرمان".

 

وتیشی "لە 200 ساڵی رابردودا وڵاتەكەمان كاری بەدۆكترینی مۆنرۆ كردوە بەو پێیەی هێزی باڵادەست بوین لەنیوە گۆی رۆژئاوای زەویدا،  ئەمەریكا لەسەر هەقە بەپێی ئەوەی كە ویلایەتە یەكگرتوەكان خۆی دەیڵێت بۆ دەستوەردانە هەر وڵات‌و دەوڵەتێكەوە كە هەڕەشە لەبەرژەوەندییەكانی بكات، ئەمە سیاسەتی ئەمەریكایەو بەپێی ئەم دۆكترینە لانیكەم فەرمانڕەوای 10 وڵاتی بەزەبری هێز لابردوە لەهەردو ئەمەریكای لاتین‌و ناوەڕاست‌و دەریای كاریبی، زۆربەشمان لەبیرمانە كە ساڵی 1962 گەیشتینە لێواری جەنگێكی ئەتۆمیی لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەت".

 

ساندەرس دەپرسێت "بۆچی ساڵی ١٩٦٢ ئەوە رویدا؟ بۆچی خەریكبوو جەنگی ئەتۆمی لەنێوان ئێمەو یەكێتی سۆڤیەت هەڵبگیرسێ‌؟ لەبەرئەوەی موشەكی سۆڤیەتی لەكوبا لەدووری 90 میل لەكەنارەكەمانەوە دانرا. ئیدارەی كەنەدی وەك هەڕەشەیەكی پەسەندنەكراو لەو كارەی ڕوانی بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان، ئێمە وتمان رێگەپێدراو نییە دەوڵەتێكی نەیار‌و دوژمنمان بونێكی سەربازی گرنگی هەبێت لەدوری 90 میل لەكەنارەكانمانەوە. هەربۆیە ئێستاش تەنانەت ئەگەر سەركردەیەكی گەندەڵ‌و تۆتالیتاری وەك فلادیمیر پۆتینیش حوكم نەكات، روسیاش وەك ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بایەخ بەسیاسەتی ئەمنی دراوسێكانی دەدات، داوا لەخەڵكی دەكەم بیر لەوە بكەنەوە، هەیە باوەڕی بەوە بێت بەلای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكاوە ئاسایی بێت كە مەكسیك یان كوبا یاخود هەر دەوڵەتێكی تر لەئەمەریكای ناوەڕاست‌و لاتینی بیانەوێ‌ هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتێكی ركەبەری ویلایەتە یەكگرتوەكان پێكبهێنن؟ ئایا پێتانوایە ئەندامانی كۆنگرێس دەڵێن قەیچێكە مەكسیك دەوڵەتێكی سەربەخۆیەو مافی خۆیەتی هەر شتێك بیەوێ‌ بیكات! زۆر بەگومانم لەوە، پێویستە وڵاتان ئازاد بن لەدیاریكردنی سیاسەتی دەرەوەیاندا، بەڵام دیاریكردنێك بەدانایی‌و سوودو زیانەكانی رەچاو کرا بێت، بەچونی ئەمەریكاو ئۆكرانیا بۆ نێو پەیوەندییەكی ئەمنی قوڵ، لەسەر هەردوکیان گران دەكەوێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×