دادگای فیدراڵی لیژنەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و تاوانی هەڵوەشاندەوە
  2022-03-02       345       

دادگای فیدراڵیی عێراق، بڕیارێكی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی بە نادەستووری پێناسەكرد و “لیژنەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و تاوانە گرنگەكان”ی هەڵوەشاندەوە.

ئاوێنە: لە پاییزی ساڵی 2020دا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە بڕیاری ژمارە (29) لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ “بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و تاوانە گرنگەكان”، سەرۆكایەتیی لیژنەكەی سپارد بە فەریق – ئەحمەد ئەبو ڕەغیف فەرماندە لە دەزگای دژەتیرۆر، لەو كاتەوە تا ئێستا لیژنەكە چەند چالاكییەكی ئەنجامداوە و ژمارەیەك كاربەدەست بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیركراون، لەوانە ئەحمەد ساعیدی سەرۆكی پێشووی دەستەی نیشتمانیی خانەنشیی عێراق.

ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای فیدراڵیی عێراق، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، بڕیارەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی ئەو لیژنەیە، بڕیارێكی نادەستوورییە.

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لیژنەكەی هەڵوەشاندەوە و لە ئەمڕۆ 2ی ئازارەوە بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت.

لەبارەی هۆكاری بڕیارەكەیەوە، دادگای فیدراڵی ڕایگەیاندووە، “لیژنەكە حوكمەكانی ماددەی (37/ یەكەم/ 1)ی دەستووری پێشێلكردووە كە پاراستنی ئازادیی مرۆڤ و شكۆی دەستەبەردەكات”.

“لیژنەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و تاوانە گرنگەكان” تۆمەتباركراوە بە ئەشكەنجەدان و زۆركردن لە تۆمەتباران بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری لێیان و ناچاركردنیان بە دانپێدانان.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×