ئێران پاڵپشتیی حکومەتی لەسەر نرخی دۆلار هەڵگرت
  2022-03-06       955       


پەرلەمانی ئێران ڕێگەی دا حکومەت پاڵپشتیی لەسەر نرخی دۆلار هەڵگرێت لە بودجەی داهاتوودا کە 21ی ئازاری 2022 پەسەند دەکرێت.  

ئاوێنه‌: بەپێی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئێران کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی ئازاری 2022، کۆبوویەوە، پێویستە حکومەت پێش هەڵوەشاندنەوەى پشتگیری دۆلار، چەند جێگرەوەیەک بدۆزێتەوە بۆ شتومەکە بنچینەییەکان، ئەوەش لەڕێگای کۆبۆنی بەشەخۆراک و هاوکاریکردنی خەڵکی لە کەرتی تەندروستیدا.  

ئەلیاس نادران، پەرلەمانتار لە پەرلەمانی ئێران کە ئەو بڕگەیەی پێشنیاز کردووە دەڵێت، "لەڕێگەی ئەو پێشنیازەوە، حکومەت دەتوانێت هەر شتومەکێک کە بیەوێت لە سەلەی ئەو شتومەکانەدا لایببات کە لەڕێگەی دراوی پشتگیریکراوەوە دەکڕدرێن، هەروەها پێویستە قەرەبووی زیانی بەکارهێنەر بکرێتەوە تاوەکو هاوڵاتیان زیانیان پێ نەگات."  

ئاژانسی هەواڵیی خوێندکارانی ئێرانی (ئیسنا) دەڵێت، ئەو بڕیارە داهاتی حکومەت زیاد دەکات و کاریگەرییەکی زۆری دەبێت بۆ نرخی شتومەک.  

پێشتر چەندین پەرلەمانتار هۆشدارییان دا لەوەی هەڵوەشاندنەوەی پشتگیری دۆلار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک بە شێوەیەکی بەرچاو.  

ئەحمەد تەوەکولی، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندی ڕژێم لە پەیامێکدا بۆ سێ سەرۆکایەتییەکە هۆشداری دەدات لەوە هەڵگرتنی پشتگیری حکومەت بۆ دۆلار دەبێتەهۆی دروستکردنی قەیران.  

شیکەرەوان دەڵێن هۆکاری ئەو بڕیارەی حکومەت بەهۆی سزاکانی سەر ئێرانەوەیە.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×