هێزو توانای پوتین چەندە؟
  2022-03-09       1678       
ڤلادمیر پوتین

وەرگێرانی لەهۆڵەندیەوە بۆ کوردی: خالید ڕەزا ئەمین

 

ڤلادمیر پوتین ٢٠ ساڵ زیاترە سەرۆکی ڕوسیایە. بەردەوام بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەلاتدا، داهێنان دەکات. بەهەرحاڵ پوتین کێ یە؟ ئایە ئەیەوێ ڕووسیا گەورەتر و فراوانتر بکات؟ چۆن هێزو توانای خۆی زیادە دەکات؟

 

(١)

پوتین کێیە؟

پوتین لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ١٩٥٢ لە خێزانێکی مامناوەند لە لیننگراد(سانت بطرسبرغ) لەدایک بووە. لە ساڵی  ١٩٧٥ چوەتە ناو دەزگای موخابەراتی یەکێتی سۆڤێت(کەی جی بی) و ژیانی پیشەیی دەستپێکردوە، لەکاتی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سوڤێت دا لە (١٩٨٥-١٩٩٠) لە شاری (دریسدن)ی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بووە، هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت زۆر کاری تێکردوە و پێێ خەمبار بووە. لە دوای هەڵوەشانەوەکە، ئەم لە ناو کەی جی بی دا، لە چالاکی سیاسی و ئەمنی دا بەردەوام بووە. لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٩ دا سەرۆکی ئەوکاتی ڕووسیا (بۆریس یڵتسن) پوتین ی کرد بەسەرۆک وەزیران و لە مانگی سێپتەمبەردا خۆی وازی لە سەرۆکایەتی ڕوسیا هێنا و بەکاتی ئەو ئەرکەشی بە پوتین سپارد. بەهۆی ئەم متمانەیەی پێ درا و بە هۆی سەرکەوتنییەوە لە دووەم جەنگ دژی چیچانیەکان، پوتین ناوبانگی زۆری دەرکرد و لە ساڵی ٢٠٠٠ دا هەڵبژاردنی بردەوە و بوو بە سەرۆکی ڕووسیا.

سیاسەتی ئابوری پوتین لەسەرو هەمووشتێکەوە، لیبراڵیە، شێوازی سیاسەتکردنی تۆتالیتاری: خۆی سەرۆکە، ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی سنوردار کرد، بەرهەڵستکارەکانی خۆیی زیندانیکرد. سور بوو لەسەر ئەوەی کە متمانەی ڕووسەکان کە لەدوای ڕوخانی یەکێتیی سۆڤێت شکابوو، بگەڕێنێتەوە. زۆر نیگەران بوو لەو وڵاتانەی یەکێتیی سۆڤێتی جاران کە بوبون بە ئەندامی هاوپەیمانی باکوڕی ئەتڵەسی (ناتۆ)، وەکو وڵاتەکانی هەنگاریا، پۆڵۆنیا و چیک لە ساڵی ١٩٩٩دا، وڵاتەکانی بولغاریا،ئیستوانیا، لێتلاند، لیتوانیا،ڕۆمانیا، سلۆڤەینیا، سلۆڤاکیا لە ساڵی ٢٠٠٤ و کرواتیا لە ساڵی ٢٠٠٩دا. بەم جۆرە ڕووسیا بوو بە هاوسنوری بەشێک لە وڵاتانی ناتۆ. لەم کاتەدا ڕووسیا ئەو هێزە گەورەیەی جارانی نەمابوو کە دنیا حسابی جارانی بۆ بکا، بەڵام ئەم هاوکێشەیە لەسەردەمی حوکمی پوتین دا وردە وردە گۆڕانی بەسەردا هات.

لەساڵی ٢٠٠٥ دا پوتین هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤێتی "بە گەورەترین کارەساتی جێوسیاسی لە سەدەی بیستەمدا ناوزەدکرد"، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ ڕوسەکانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران لەهەر وڵاتێک دا بن بە باشی بپارێزرێن لەوانە روسەکانی(ئۆکراینا)، وە هەروەها لە ئیستوانیا و لێتوانیا و لێتلاند.

لە ساڵی ٢٠٠٧ دا و لە کۆنفرانسی میونیخ، نیگەرانی خۆی لە مەیلی ئەمریکا بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان نەشاردەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووسیاوە نزیکن. ئەم زمانە توندەی کە دژی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەکاری هێنا بوە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەری لە ڕووسیادا.

پەیامەکەی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٨ دا، دا بەگوێێ دنیادا داو  پێێ وتن کەدەبێ حساب بۆ ڕوسیا بکەن، لەو ساڵەدا دەبابەی ڕووسی چوە ناو وڵاتی جۆرجیا، کە پێشتر بەشێک بوە لە یەکێتیی سۆڤێتی و لە هەردوو ناوچەی ئۆسیتیای باشور(Zuid-Ossetië) وئەبخازیا(Abchazië) سوپای ڕوس شانەبەشانی ئەمان دژی سپای جۆرجیا شەڕیانکرد کە ئەم دوو ناوچەیە زۆرینەیان رووسن و داوای سەربەخۆییان دەکرد. ڕوسیا لەم جەنگەدا سەرکەوت و جۆرجیا نفوزی خۆیی لەم دوو شوێنە لەدەستدا و بە پاڵپشتی ڕووسیا سەربەخۆیی خۆیان ڕآگەیاند و لە جۆرجیایان دابڕی. وڵاتە یەگرتوەکان و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ئیدانەی ئەم دەسدرێژییە ڕووسیایانکرد و جەختیان لە سەربەخۆیی جۆرجیا وەک یەک وڵات، کردەوە.

 

(٢)

پوتین چۆن ڕوسیا ئەگەڕێنێتەوە بۆسەر شانۆی نێودەڵەتی؟

لە ساڵانی ئایندەدا، ڕوسیا و ڕۆژئاوا  زیاتر ڕوبەڕووی یەکتر دەبنەوە. پوتین پێێ وایە مادام وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی بەهێز مافی هەبێ دەستبخاتە ناو دەوڵەتانی ترەوە، بێگومان بۆ ڕوسیاش ڕەوایە هەمان دەستێوەردان بکات لەو وڵاتانەی کە نەتەوەی ڕوس یان تێا ئەژین. ئەم هەڵوێستانەی زیاتر لەسەر شانۆی سیاسی دونیا دەریانخست. ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا و ئاسایشی ئەو وڵاتانەی دەوربەری روسیا  کە نەتەوەی ڕوس یان تیائەژی، بوو بە کاری لە پێشینە و گرنگی پێدانی  پوتین. لە دیدی پوتین ەوە  دەوڵەتانی ناتۆ مەترسی جدین لە سەر ڕوسیا.  

لەساڵی ٢٠١٤ دا، ڕوسیا دەستیگرت بەسەر نیوەدورگەی کریم Krim  (قرم)دا لە لێواری دەریای ڕەش کە جاران بەشێک بوو لە یەکێتیی سۆڤێت، دواتر بو بەشێک لە ئۆکراینا. ئەگەر چی زۆربەی دانیشتوانی نیوەدورگە کە لەنەتەوەی ڕووسن، بەلام ئەمە ماف نادات بە ڕووسیا بەشێک لە وڵاتێکی سەربەخۆ داگیر بکات.

لەکاردانەوەی ئەم داگیرکاریەی ڕووسیادا، دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گەمارۆی ئابورییان خستە سەر ڕووسیا. ڕووسیا لەهەمان ساڵدا دەستی خستە ناو کێشە و ڕووداوەکانی ئۆکرانیاوە. بەر لەساڵێک، لەوێ ڕێپێوان و خۆپیشاندانی گەورە لەلایەن هەوادارانی ئەوروپاوە ڕیکخرا دژ بە سەرۆکی ئۆکراینا فیکتۆر یانکۆڤیش (Viktor Janoekovytsj)کە بڕیاری دا بوو ئالوگۆڕی بازرگانی لە گەڵ ئەوروپا زۆر کەم بکاتەوە و لەگەڵ  پوتین فراوانی بکات. لەکار دانەوەی ئەمەدا خۆپیشاندەران دەستیان گرت بەسەر گۆڕەپانی مەیدان(Majdanplein )دا لە کیێف و چۆڵیان نەکرد، حکومەت بڕیاریدا بەهێز بڵاوەی پێکردن، لە فێبراوەریدا پارلەمانی ئۆکراینا متمانەی لە یانکۆڤیج سەندەوە، ئەمەش نەیتوانی ڕێگە لە شەڕی ناوخۆ بگرێ و هەتا ئەمرۆ بەردەوامە. کاتێک کە هەردوو هەرێمی لوخانسک(Loegansk) ودۆنیتسک (Donetsk) کە هەوادارانی ڕوسیان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا و زۆریان رووسن، بە توندوتیژی سەربەخۆبونی خۆیان ڕاگەیاند. پوتین ، ئەمریکای تاوانبارکرد کە لەپشتی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی سەر بە ئەوروپای گۆڕەپانی مەیدانەوەیە، هێزی ڕوسی نارد بۆ ئۆکراینا  بۆ پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینی  هەوادارنی ڕووس لە هەردوو هەرێمەکە. هەرچەندە ڕوسیا نکۆڵی لەوە دەکرد کە هێزی روسیا لە ئۆکراینا بێ، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا بڕیاریاندا گەمارۆی ئابوری لەسەر ڕوسیا توندتر بکەن. روسیا نەک هەر بەهێزی سەربازی بەشداریکرد، بەڵکو یارمەتی پرۆ-روسەکانی ئەدا بۆ فراوانبوونی نا سەقامگیری لە ئۆکراینا.

 ڕوسیا لەدژی ئەو گەمارۆ ئابورییەی خرایە سەری، بڕیاری دا خواردن و خواردەمەنی لە رۆژئاواوە هاوردە نەکات. ئەمە زلەیەکی گەورە بوو بۆ هۆڵەندا کە نەیتوانی بیبەر و تەماتە هەناردەی ڕوسیا بکات. جامی توڕەبوونی ڕۆژئاوا بەرامبەر ڕوسیا و پرۆ-ڕوسەکان ئەوکاتە سەرڕێژیکرد  کە فرۆکەیەکی مەدەنی MH17  لە ئەمستردام ەو بەرەو کۆلالمپور بەڕێوە بو لەسەر ناوچەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، خرایەخوارەوە. ٢٩٨ مەدەنی مردن، کە ٢٠٠ کەسیان هۆڵەندی بوون. ڕەنگە بە هەڵە و  کردەوەیەکی ئەنقەست نەبوبێ، بەڵام چەکدارە پرۆ-ڕوسەکان خستبویانە خوارەوە کە لەلایەن ڕوسیاوە پڕچەک کرابون. بە سیستمی موشەکی بوک (Boek-raketsysteem) خراوەتە خوارەوە، کە ئەو جۆرە موشەکە بەتەنها ڕوسیا دروستی دەکات و جوداخوازەکانی  ئۆکراینای بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس پڕ چەک کردبوو. ئەمەش نێگەرانی و بیزاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە چونکە ڕوسیا زۆر خاوخلیچک خەمسارد بوو لە هاوکاریکردن بۆ لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لە کارەساتەکە، بۆ ئەمەش زیاتر گومانیان لە پوتین بوو کە نایەوێ هاوکاربێ بۆ ئەم پەرەسەندنە نێونەتەوەییە: بەتوندی ڕەخنەیان لێگرت، دژایەتی کردنی پوتین بۆ لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە و سەربەخۆ و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاری نادروست بۆ ئەوەی خۆی لەم کارەساتە بێ بەری بکات.

هەروەها پوتین  بەلایەوە گرنگ بوو دەستبخاتە ناو شەڕی ناوخۆی سوریا و لەگەڵ ڕۆژئاوادا لەسەر یەک هێڵ نەبوو. لە کاتێکدا پوتین پشتیوانی لە بەشار ئەسەد و مانەوەی لە دەسەڵاتدا دەکرد، بەڵام سازمانی ئاسایشی نێودەوڵەتی  پشتیوانیان لە بەرهەڵستکارانی ئەسەد و لابردنی ئەکرد.

بەهەمان شێوەی ئۆکراینا و قرم، بەشداریکردنی ڕوسیا لە شەڕی سوریاش بەشێکی  بۆ ئاسایشی ڕوسیابو، ئەم سێ شوێنە گرنگیەکی گەورەی هەیە لە ڕوی ستراتیژی بنکەی سەربازییەوە. بەڵآم بۆ پوتین ئەمە شێوازێک بوتا هێزو توانای خۆی پیشاندانی دەرەوە و نەتەوەی روس لە ناوخۆی وڵآتەکەیدا بدات.

ئەم هەژمون و باڵادەستیەی پوتین زیاتر بوو کاتێک لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا لە پڕ و خێرا هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کشانەوە، پوتین لە گەڵ هاوتا تورکیەکەی ئەردۆگان لەسەر سنوری باکوڕی سوریا ڕێکەوتنیانکرد. بەشێک لە بەرزبونەوەی جەماوەری پوتین بۆ ئەم جۆرە کارە بەهێز و ئایندەییانە دەگەڕێتەوە. لایەنە تاریکەکانی پوتین برێتیە لە یاریکردن بە پرۆسەی هەڵبژاردن، کۆت و بەندی ڕۆژنامەوانی، سەرکوتکردن و زاڵ بونی بەسەربەرهەڵستکارەکانی و ئابوریەکی خراپ کە بە ئاسانی لەلایەن زۆرێک لە روسەکانەوە قبوڵ دەکرێ.

 

(٣)

پوتین دەیەوێ ڕوسیا فراوانبکات؟

بەهۆی ئەو پەرەسەندنانەی لە قرم، ئۆکراینا و سوریا ڕویاندا و پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا بە خێراییەکی دراماتیک خراپتر بوو. بارودۆخی شەڕی سارد گەڕایەوە، بە جیاوازی ئەوەی ئێستە لەچاو جاراندا دەوڵەتانی ناتۆ و ڕوسیا زۆر لەیەک نزیکترن و لە هەندێک شوێن سنوریان بە یەکەوەیە. هەردوولا پەرەیان بە لایەنی سەربازی دا. ناتۆ هەزاران سەربازی رەوانەی وڵاتانی بەڵتیک کرد و لە وڵاتی پۆلۆنیا دەستی بە ڕاهێنان کرد. ڕوسیا ش موشەکی ئەتۆمی لە نزیک سنورەکانی پۆلۆنیا و لیتوانیا، جێگیر کرد، بە بەردەوامی مەشق و ڕاهێنانی لە نزیک وڵاتانی ناتۆ دەست پێکرد.

ڕۆژئاوا بە گومانن لە نیازی ڕوسیا و متمانەیان پێێ نیە بەرامبەر ئێستلاند، لێتلاند و لیتوانیا. ئەم وڵاتانە لە ساڵی  ١٩٤٠دا  بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە داگیرکراون. ترسیان لە ڕوسیا زیاتر بوە بەهۆی ئەو بودجە گەورەیەی کە بۆ بەرگری خەرجی دەکات. لە کاتیکدا بودجەی بەرگری لە سەر ئاستی  هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا  ساڵ بەساڵ کەمیکردوە، لە بەرامبەردا ڕوسیا ساڵ لە دوای ساڵ بودجەی زیاتربۆ سوپا تەرخان دەکات.  

پرسیاری گەورە لێرەدا ئەوەیە ئامانجی کرداری پوتین چیە: بەتەنها دەیەوێ سنورەکانی ڕوسیا بپارێزێ و بەرگری لە ڕوسەکان ی وڵاتانی دراوسێێ بکات، یان چاوی فراوانکردنی خاک  و ئامانجی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی جارانە کە ئێستە سەر بە ناتۆن، وەکو پۆلۆنیا؟ بە دڵنیاییەوە ئەو نوکی تیرەکەی ڕوو لە بلۆکی رۆژئاوا وهیوای ئەوەیە کە تۆوی لێکترازان لە ئەوروپا و لە ناو دەوڵەتانی ناتۆدا بچێنێ ولە ڕێڕەوی دەولی دا هەژمونی خۆی زاڵتر بکات. زۆر کەس بڕوایان وایە ئەوەی کە پوتین لەسەر شانۆی نێونەتەوەیی ئەیڵێ بۆ خەڵەتاندنە و بەرزکردنەوەی ئاستی جەماوەری خۆیەتی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا. تا هەوڵ بدات لەم ڕێگەیەوە سەرنجی هاوڵاتیان لەسەر کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی  وڵاتەکەی خۆی لاببات: لە ساڵی ٢٠١٥ وە روسیا بەدەست ئابوریەکی نەخۆشەوە ئەناڵێنێ  و لەسایەی حوکمی پوتین دا ڕەوشی دیمۆکراسی و حوکمی یاسا زۆر بە خراپی بەرەو دواوە ئەڕوات.

لەم ساڵانەی دوایدا پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ڕۆژائاوا لە دەوروبەری ئۆکراینا بەرەو گرژی و ئالۆزی چووە. قسەکردنی نێوان پوتین و بایدن لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ شتێکی وای لێ سەوز نەبوو. بایدین پێی وایە پوتین زیادەڕۆیی دەکات ئەگەر بیەوێ ڕاستەوخۆی هیچ شتێ بەرامبەر وڵاتانی ناتۆ بکات. لەم حاڵەتدا وڵاتانی ناتۆ بەهانەیەیان بەدەستەوەیە کە بەرگری لە خۆیان بکەن  دژی ڕوسیا، بۆ نمونە گەمارۆی ئابوری بخەنە سەر، ئەمە ئەشێ گورزێکی گەورە لە ئامانجە گرنگەکەی پوتین بدات: ئاسایشی سنوری ڕوسیا  و پێرەوکردنی سیاسەتی سەربەخۆی نێونەتەوەیی.

لە لایەکی ترەوە  ڕوسیا هەست بە مەترسی بۆسەرخۆی دەکات لەڕێی کۆ کردنەوەی لەشکری ناتۆوە لە نزیک سنورەکانی ڕوسیا، لە ئەگەری فراوانبونی ناتۆدا بۆنمونە ولاتی ئۆکراینای هاوسنوری ڕوسیا کە ئەمە پرسێکی دووبارەیە و مایەی نیگەرانی پوتین ە. ئەشێ هەروا بمێنێ کاتێک کە ناتۆ وڵاتانی درواسێی ڕوسیا پڕچەک دەکات. جێگیر کردنی سیستمی بەرگری موشەکی ئەمریکی لە رۆمانیا لە ساڵی ٢٠١٦ دا، پوتین ئەمەی بە گەورەترین هەڕەشە دانا.

پوتین وتی هیچ کەس بیر لەوەنەکاتەوە کە لەڕوی سەربازیەوە بەسەر ڕوسیادا سەردەکەوێ.

لەم ڕستەیەدا تۆ دەتوانی ڕەفتاری پوتین وەکو ڕەددانەوەی ڕۆژئاوا ببینی، نەک بە پێچەوانەوە. پوتین وتی ئێستە ئەو کاتەیە کە روسیا کۆتایی بە باڵادەستی ستراتیژی رۆژئاوا بهێنێ.

پوتین، لە قسەکردنی ساڵانەیدا کە لە پارلەمانی وڵآتەکەیدا  لە ١ی مارتی ٢٠٠١٨دا، کاتێک باسی توانا سەربازیەکانی ولاتەکەی کرد، بەرامبەر ئەمریکا و ئەوروپا  وتی: کەس گوێ لە ئێمە ناگرێ، ئێستە گوێمان لێبگرن.

ناتۆ خۆی بۆ هەڕەشە و مەترسیەکانی ڕوسیا ئامادە دەکات. لە ڕاستیدا ڕوسیا دەیەوێ سنورە کۆنەکانی خۆی وەربگرێتەوە. ناوچەکانی دەوروبەری نیوە دورگەی کریم (قرم) وەک نموونە.

لە ساڵانی دواتردا پوتین فشارەکانی لەسەر ئۆکراینا زیاتر کرد. هێزی سەربازی نارد بۆ سەر سنوری ئۆکراینا و سەربازگەی بۆ کردنەوە. هەوڵی دیپلۆماسی لە نێوان ڕوسیا، یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکادا هیچی لێ سەوز نەبوو. لە دواجاردا لەشکری ڕوسیا لە ٢٤ی مانگی ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دا، لە سێ ناوچەوە هاتنە ناو ئۆکرایناوە. سوپای ڕوسیا بۆردومانی فڕۆکەخانەکانی ئۆکراینا کرد. وڵاتانی ڕۆژائاوا دژ بەڕوسیا بڕیاریان دا گەمارۆی قورسی ئابوری بخەنە سەر. پوتین ئاگاداری رۆژئاوای کرد کە نابێ هیچ کاردانەوەیەکی سەربازی یان هەبێ و خۆیانی تێ هەڵنەقورتێنن ئەگەر کارێکی وا بکەن بە پێچەوانەوە " ئەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی وا کە لەوە و پێش نەتان بینی بێ". هەروەها وتی: هەر کەسێک دژایەتی و هەڕەشە لە گەل و وڵاتەکەمان بکات، دەبێ بزانن یەکسەر وەلامیان ئەدەینەوە.

 

(٤)

پوتین چۆن دەسەلاتەکانی لە وڵاتەکەیدا گەورەتر کرد؟

هەتا ئێستە پوتین زیاتر لە ٢٠ ساڵە دەسەڵاتدارە. هەمووی وەک سەرۆکی وڵات، نا. چونکە بەپێی دەستوری ڕوسیا، سەرۆک تەنها بۆ دوو خولی یەک لەدوای یەک دەتوانێ ببێ بەسەرۆک.  بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا دمیتری میدڤیدیڤ (Dmitri Medvedev)ی خستە جێێ خۆی. پوتین بوو بە یەکەم سەروەزیرلە حکومەتەکەی دمیتری دا. بە نزیکی هەموو لەسەر ئەوە کۆکین کە پوتین لەو کاتەدا سەرۆکی بێ ڕکەبەری وڵاتەکەبوو، ئەو گۆڕانکاریەش فێڵێکی یاسایی بوو بۆ ئەوەی لە خولی داهاتودا خۆی بۆ سەرۆک کاندید بکاتەوە. ئەوە بوو بینیمان لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٢ دا هەڵبژاردنی بردەوە و بوەوە بە سەرۆکی وڵات، لە ساڵی ٢٠١٨ شدا بۆ دووەم جار بوەوە بە سەرۆک. لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ڕاپرسیەکی ئەنجامدا بۆ ریفۆرمی یاسای حکومەت  لە بەرژەوەندی ماوەی سەرۆکایەتی خۆی . ئەمەش هەلی دا بە پوتین کە هەتا ساڵی ٢٠٣٦ لە سەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە.

لەکاتی سەرۆکایەتیەکانی دا پوتین چەندین ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ گەورەکردنی دەسەڵاتەکانی. دەسەڵاتی دا بە حکومەت کە چاودێری ورد بخاتە سەر هاوکاری ڕێکخراوە نا حکومیەکان(NGO) و هاوکاری دەرەکی لێ قەدەغەکردن. ئەمەش ئاستەنگی گەورەی بۆ دروستکردن تا بتوانن بەرامبەر فشارەکانی رژیم بوەستن. کۆسپەکانی لە دیاریکردنی ڕیژەی بەشداریکردن لەهەڵبژاردن لابرد و ماوەی سەرۆکایەتی لە ٤ ساڵەوە وە بۆ ٦ ساڵ درێژ کردەوە. ئازادی رۆژنامەوانی بەرە بەرە کەمکردەوە و دەمی بەرهەڵستکارەکانی داخست.

لەدوای پەلاماردانی ئۆکراینا کریملین وشەی داگیرکردن و هیرش کردنی لە ژۆرنالیستەکان قەدەغە کرد، لەماوەی یەک هەفتەدا یاسای رۆژنامەوانی بە پارلەمانی روسیادا تێ پەڕاند و هەموو جۆرە ڕەخنەگرتنێکی قەدەغەکرد. خەڵک و رۆژنامەوانەکان هەر هەواڵێک بڵاو بکەنەوە کە لە چاوی حکومەتەوە بە بەدرۆ هەژماربکرێ (nepnieuws)، سزای مادی قرس ئەدرێ و  سزای زیندانیکردنی هەتا ١٥ ساڵ ئەدرێ. بەهۆی ئەم یاسایەوە هەموو ڕاگەیاندکارەکانی وڵاتان روسیایان بەجێ هێشت، لەوانە بی بی سی(BBC)، سی ئین ئین (CNN)و پەیامنێرانی هۆڵەندا.

 

(٥)

نەیارو بەرهەڵستکارەکانی پوتین کێن؟

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕوسیا نیزامێکی دیمۆکراسی هەیە و ئەگەری ئۆپۆزسیۆن بوون هەیە. پوتین بەردەوام لە بەریەک کەوتن دایە لەگەل ئەم بەرهەڵستکارانەیدا. هەتا ئێستا هیچیان لە بەرامبەر پوتین دا سەرکەوتو نەبوون.

یەکێ لە بەرهەڵستکارە دیارەکانی ئەلێکسی نافاڵنی (Aleksej Navalny)ە. وەکو پارێزەرێک و چالاکوانێک چەندین ساڵە دژایەتی گەندەڵی ئەکا لە ڕوسیادا. بەردەوام دەگیرێ و دەخرێتە زیندانەوە و زوو زووش ئازاد دەکرێ. نافاڵنی حیزبی دروستکرد ولە هەڵبژاردنی  ساڵی ٢٠١٨ دا، خۆی بۆ سەرۆکی ڕوسیا پاڵاوت، بەڵآم بەردەوام ڕوبەڕوی هێرش و پەلاماردان دەبوەوە، بۆنمونە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا پەلامار درا و شلەیەکی سەوز(zeljonka’) یان کرد بە دەموچاویدا و چاوی ڕاستی خراپ بوو. لە کۆتایی دا دادگای ڕوسیا مافی خۆ کاندیدکردنی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا، لە نافاڵنی سەندەوە، بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و ڕێکخستنی خۆپیشاندانی سیاسی بێ مۆڵەت. لە ٢٠ ی ٨ی ٢٠٢٠ دا نافاڵنی بەگازی دەمار نۆفیتشوک (zenuwgif novitsjok) ژەهراوی کرا. لەدوای ژەهراوی بوونی بەتەواوی چاک بوەوە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کە نەتەوە یەکگرتوەکان پشتی گرت بۆیان دەرکەوت کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی ڕوسییەوە ئەو کارە کراوە. کاتێک کە نافاڵنی گەڕایەوە بۆ ڕوسیا دەستگیر کرا، بە دووساڵ و نیو سزادرا.  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانیی بڕیارەکەی بە ناداد پەروەرانە دانا وڕایگەیاند کە مۆتیڤی سیاسی لە پشتەوەیە. لە هەڵبژاردنی پارلەماندا لە ساڵی ٢٠٢١ دا لە زیندانەوە پەیامێکی بۆ دەنگدەران نارد داوای لێکردن "زیرەکانە " دەنگ بدەن، واتە دەنگ بدەن پارتی کۆمۆنیست نەک حیزبی یەکێتی ڕوسیا کە پوتین سەرۆکایەتی دەکات.

سیاسی ئۆپۆزسیؤن بۆریس نیمتسۆف(Boris Nemtsov) یەکێکی تر بوو لە بەرهەڵستکارەکانی پوتین کە شەڕی مردن ی لەگەڵ دەکرد. چەندین ساڵ وەک کەسێکی لیبراڵ ئەندامی (دۆما) بوو، کە تێدەکۆشا بۆ ڕیفۆرمی ئابوری و خەڵکی لە مەترسی گەورە بوونی دەسەڵاتی پوتین ئاگادار دەکردەوە، لە رۆژی ٢٧ ی فێبریوەری ٢٠١٥ دا، Nemtsov کوژرا. بکوژەکە گیرا و حوکم درا تائێستە نادیارە کە ئاخۆ پوتین دەستی لەم کارەدا هەبووە یان نا.

لەگەڵ ئەوەی کە هەموو کەس دەیزانی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ دا جارێکی تر پوتین ئەیباتەوە، رۆژنامەوانی گەنج و بێژەری تەلەفزیۆن کسینیا سۆبتسجاک (Ksenia Sobtsjak) بڕیاری دا خۆی بۆ سەرۆکایەتی بەربژێر بکات. ئەمە شێوازێک بوو بۆ پرۆتێستکردنی کەڵتووری سیاسی ڕوسیا. پرسیارە ڕەخنە ئامێزەکانی دژ بە پوتین هیچ کاریگەرییەکی نەبو، زۆر بە ئاسانی خستیە لاوە. لە ٢٠٢١ یشەوە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە لایەن پوتینەوە قسەی زیاتر هەڵدەگرێ.

لە ڕوی فەرمیەوە پوتین تەنها دەسەڵاتدار نییە، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆیدا بەدەسەڵاترین کەسە. هەروەها لە سەر شانۆی نێودەوڵەتیس بەردەوام ڕۆڵی گەورە دەگێڕێ. ئەمە بەتەنها لە سوریا و ئۆکراینا نا. بەڵکە لە ئەفریقاش کاریگەری ڕوو لە زیاد بوونە. کۆبونەوەی لوتکەی روسیا- ئەفریقا لە سۆتسجی(Sotsji) لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لەگەڵ چل سەرۆکی ولاتانی ئەفەریقا، ئەوەی بە دونیا ووت کە پوتین ئەیەوێ لە بەشێکی ئەم جیهانەدا ڕۆڵ بگێڕێ.

 

بەکورتی

+ لە ٢٠٠٠وە ئەفسەرێکی کەی جی بی (KGB) پوتین سەرۆکی ڕوسیایە، دوای ئەوە کە لەسەر دەمی سەروەزیریەکەیدا ڕۆڵی گەورەی لە شەڕی دژ بە چیچاچیەکاندا گێرا.

+ پوتین ئازادی رۆژنامەوانی کۆت و بەند کرد و بەسەر نەیارەکانیدا سەرکەوت، بەڵام لە سیاسەتی دەرەوەی دا لای زۆرێک لە ڕوسەکان وەک پێاوێکی بەهێز سەیر دەکرێ.

+ ئەوەی پوتین دەیکات بۆ سەلامەتی سنوری ڕوسیایە ئەوەی کە زۆرجار پوتین دەیڵێت بۆ گەورەکردنی ئاستی جەماوەری خۆیەتی.

+ پوتین زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە و لە سایەی  ئەو گۆڕانکاریەی لە ماوەی سەرۆکایەتی دا  کردی ئەتوانێ هەتاساڵی ٢٠٣٦  بەسەرۆک بمێنێتەوە. بەردەوام نەیارەکانی سەرکوت دەکات و چانسی بردنەوەیان ناداتێ.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×