یەكەم هێرشی موشەكی روسیا بۆ سەر لڤیڤ كە بە بەهەشتە ئارامەكەی ئۆكرانیا ناسراوە
  2022-03-18       671       

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، روسیا هێرشێكی موشەكی كردە سەر شاری لڤیڤ كە بە بەهەشتەی ئارامەكەی ئۆكرانیا ناسراوەو لەو كاتەوەی هێرشی روسیا بۆ سەر وڵاتەكە دەستی پێكردوە، ئەوە یەكەم جارە ئەو شارەی رۆژئاوای ئۆكرانیا روبەڕوی هێرش دەبێتەوە.

ئاوێنە: سەرۆكی شارەوانی لڤیڤ رایگەیاند، موشەكە روسییەكان لە نزیك فڕۆكەخانەی شارەكەو لە باڵەخانەیەك كەوتونەتە خوارەوە كە كارگەی چاككردنەوەی فڕۆكە بوە.

ئەوەشی خستەڕو، كارگەكە لە كاركردن وەستابو و هیچ كەسێك بەر هێرشە موشەكییەكە نەكەوتوە.

هەروەها هێزی ئاسمانی ئۆكرانیا رایگەیاندوە، شەش موشەكی جۆری كرۆز لە دەریای رەشەوە ئاڕاستەی شارەكە كراون و دوانیان بە موشەكی دژە فڕۆكە پێكراون.

لڤیڤ كە بە بەهەشتە ئارامەكەی ئۆكرانیا ناسراوە، دەكەوێتە رۆژئاوای وڵاتەكەو 80 كیلۆمەتر لە سنوری پۆڵەنداوە دورە.

ئەو شارەی ئۆكرانیا، بە ناوچەیەكی ئارام بۆ ئاوارەكانی شارەكانی دیكەی ئۆكرانیا دەژمێردرێت كە ژمارەیەكی زۆر ئاوارە رویان تێكردوەو بەشێكیشیان بۆ پەڕینەوە بۆ پۆڵەندا بەكاریدەهێنن.

بی بی سی ئاماژەی بەوەداوە كە هێرشە موشەكییەكەی روسیا رەنگە هەوڵێكی هێزەكانی ئەو وڵاتە بێت بۆ "بڕینی هاوكاریی چەك لە ئۆكرانیا" كە شارەكە رێگەی سەرەكی گەیشتنە بە ئۆكرانیا لە پۆڵەنداوە.

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی پاسەوانی سنوری پۆڵەندا ئاشكرایكرد كە لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی ئۆكرانیاوە تا ئێستا نزیكەی دو ملیۆن ئۆكرانی وڵاتەكەیان جێهێشتوەو چونەتە پۆڵەندا كە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×